رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دووەم هاونیشتمانی کە بە مەبەستی حەجکردن چووبووە سعودیە لە شاری مەککە کۆچی دواییکرد.
رۆژی چوارشەممە 21-06-2023 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ دووەم هاونیشتمانی لە سعودیە بە ناوی ئەختەر ئەحمەد کە خەڵکی هەڵەبجەی تازە و لە دایکبووی 1955ـە کۆچی دواییکرد.
وەک وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو هاونیشتمانییە رۆژی دووشەممە 19ـی ئەم مانگە لە شاری مەککە جەڵتەی مێشک لێی داوە و راستەوخۆ نەشتەرگەری بۆ کراوە.
رۆژی سێشەممە 20ـی ئەم مانگە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە بە رووداوی گوت، "نەشتەرگەری بۆ ئەختەر ئەحمەد کراوە، بەڵام تەندروستی زۆر زۆر خراپە."
بڕیارە ئەمڕۆ ئەو هاونیشتمانییە لە شاری مەککە نوێژی لەسەر بکرێت و هەر لەوێ بەخاک بسپێردرێت.
حاجی ئەختەر ئەحمەد، لەدایکبووی ساڵی 1955ـە و خەڵکی هەڵەبجەی تازەیە. پێشتر جەڵتەی مێشک لێیدابوو و نەشتەرگەریی بۆ کرابوو، بەڵام بەیانیی رۆژی چوارشەممە کۆچی دواییکرد pic.twitter.com/PlRYcCSZQL
— Rudaw (@Rudawkurdish) June 21, 2023
ئەمە دووەم هاونیشتمانییە کە بۆ مەبەستی حەجکردن ئەمساڵ چوونەتە سعودیە لە شاری مەککە گیان لەدەستدەدەن. دوێنێ هاونیشتمانییەک بە ناوی رەحیمە قادر حەسەن کە لە دایکبووی 1957 بووە و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوو بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
یەکەم زیارەتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ـی ئەم مانگە بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانیش لە 12ـی ئەم مانگە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد. تێچووی حەجی ئەمساڵ بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلارە و بە رێگەی وشکانیش 3 هەزار و 800 دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ