رووداو دیجیتاڵ
لە 24 كاژێری رابردوودا لە سلێمانی 47 ملیم باران باریوە، بەوەش كۆی گشتیی بارانبارین لەمساڵدا گەیشتە 781.3 ملیم، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو 433.1 ملیم باران باریبوو، واتە 348 ملیم باران لە ساڵی پێشوو لە سلێمانی زیاتر باریوە.
كارزان لەتیف، لێپرسراوی كەشناسیی كشتوكاڵی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 24 كاژێری رابردوودا زۆرترین بارانبارین لە قەزای قەرەداخ بووە كە 70 ملیم باران باریوە، لە دوای ئەویش زڕگوێزی نزیك سلێمانی دێت كە 51.2 ملیم بارانی لێباریوە و لە سەنتەری شاری سلێمانیش 47.1 ملیم باران باریوە.
لەبارەی زۆرترین بارانبارینی ئەمساڵیش، لێپرسراوی كەشناسیی كشتوكاڵی سلێمانی گوتی، "لە ناحیەی بەرزنجە ئەمساڵ 1249.7 ملیم باریوە، ساڵی پێشوو 832.8 ملیم باریبوو، لە قەزای قەرەداخیش 1153 ملیم باریوە و ساڵی پێشوو 695 ملیم باریبوو. لە قەزای چوارتاش 1133.5 ملیم باران باریوە، لە كاتێكدا ساڵی پێشوو 907 ملیم باران باریبوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ