رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان تەرمی ژنێكی بەساڵاچوو، لە کۆنتەینەرێکدا دۆزرایەوە و پشکنین بۆ تەرمەکەی دەکرێت.
"ب. ک."ی تەمەن 68 ساڵ لەنزیک گوندی دەمیرتاشی خواروو، لە کۆنتەینەرێکدا بە تەنیا دەژیا، چەند رۆژێک بوو هەواڵی نەدەزانرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی نیسان، دوای ئەوەی کەسوکاری ئەو ژنە لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردەوە، تیمی تەندروستیی 112، بەرگریی شارستانی و جەندرمە چوونە ماڵەکەی.
تەرمی "ب. ک." گوازراوەتەوە بۆ بەشی هەڵگرتنی مردووی نەخۆشخانەی زانکۆی فورات لە خارپێت، بۆئەوەی پشکنینی بۆ بکرێت و هۆکاری مردنەکەی بزانرێت.
بەپێی ئەنجامی راپرسیی پڕۆفایلی بەساڵاچووانی تورکیا، کە لە کۆتاییەکانی ئاداری ئەم ساڵ بۆ ساڵی 2023 بڵاوکراوەتەوە، 8.7 ملیۆن بەساڵاچوو لە تورکیا و باکووری کوردستان هەن.
لە پێنج ساڵی رابردوودا رێژەی دانیشتووانی بەساڵاچوو 21.4% زیادبووە و یەک ملیۆن و نیو بەساڵاچوو زیادیکردووە.
کەمترین بەساڵاچوو لە سێ پارێزگای باکووری کوردستانن؛ لە پارێزگای شرنەخ رێژەی بەساڵاچووان 3.5% بووە، لە جۆلەمێرگ 4% و لە رووها 4.2% بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ