رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە یان رۆژی دووشەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. ئەم شەوانە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان دەچنە بازاڕ بە مەبەستی کڕینی پێداویستییەکانیان. لیژنە هاوبەشەکانی شارەکانیش دەڵێن، بە وردی چاودێریی دۆخی بازاڕ دەکەن.
دابەشکردنی مووچە گەرم و گوڕی و قەرەباڵخییەکی زیاتری خستووەتە نێو بازاڕ و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان دوای بەربانگ دەچنە بازاڕەکان بە مەبەستی کڕینی پێداویستییەکانیان.
ئەمڕۆ هەینی گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی گوت، "پێش هاتنی مانگی رەمەزان بەڵێنمان دابوو کە لە مانگی رەمەزاندا سەردان و بەدواداچوونەکانمان زیاتر بکەین. تاوەکو ئێستاش کە لە دوایین رۆژەکانی رەمەزانداین، بەردەوامین و پلانمان بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزانیش داناوە."
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتی، "چەندین لیژنەمان لە راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی خۆیان رۆژانی جەژنیش بەردەوام دەبن؛ چاودێریی بازاڕ و تەواوی ئەو شوێنانە دەکرێت کە گەشتوگوزارین."
گۆران قادر گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە سەرپێچییەک لە بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک تۆمارنەکراوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە هەفتەی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، نرخی شتومەک لە رەمەزانی ئەم ساڵ بەراورد بە مانگێک پێش رەمەزان گران نەبووە.
لە رێگەی لیژنەی بینینی مانگەوە یەکەم رۆژی جەژن دیاری دەکرێت.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێوارەی سبەی لیژنەی بینینی مانگ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن و دواتر وەزارەت بە فەرمی رۆژی جەژن رادەگەیێنێت کە یەکشەممە دەبێت یان رەمەزان 30 رۆژ دەبێت و دووشەممە دەبێتە جەژن."
گۆران قادر دەڵێت، "هەرکەسێک نرخی شتومەک گران بکات، پسووڵەی سەرپێچی بۆ دەکرێت و دواتریش سزای یاسایی و رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر."
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە شوباتی ئەم ساڵدا 21 شوێنیان داخستوون. سەرۆکی لیژنەکەیش دەڵێت: "482 سەرپێچی تۆمارکراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ