رووداو دیجیتاڵ
لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا سەنتەری تایبەت بە شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کراونەتەوە؛ زۆرترین بەکارهێنەر لە سلێمانی شیاندنەوەیان بۆ کراوە، دواتر دهۆک و پاشان هەولێر.
لە سلێمانی 100 حوکمدراوی ماددەی هۆشبەر لەو مادەیە رزگارکراون.
لە شیاندنەوەی ئالوودەبووانی هۆشبەردا کەسەکان دەبرێنە سەنتەرەکان و چوار مانگ کاریان لەسەر دەکرێت. لەو ماوەیەدا هەفتانە دوو جار سێمیناری دەروونییان پێشکیش دەکرێت و چارەسەری سرووشتییان پێ دەدرێت.
دێبەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی گەورانی سلێمانی دەڵێت، لە مانگی 2ی 2023 بۆ مانگی 11ی 2024، نزیکەی 100 حوکمدراو لە سەنتەری شیاندنەوە وەرگیراون و لە شەش گرووپدا بۆ چوار مانگ چارەسەریان بۆ کراوە.
لەو 100 کەسەی شیاندنەوەیان بۆ کراوە، لەشیان بە تەواوی لە هۆشبەر پاککراوەتەوە و دەتوانن وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە.
لە دهۆک 78 کەس لە مادەی هۆشبەر رزگارکراون
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە چاکسازی گەورانی دهۆک لە کۆی 198 بەکارهێنەر 78یان لە رێگەی سەنتەری شیاندنەوەوە چارەسەر بوون.
لە هەولێریش سەنتەری شیاندنەوە لە چاکسازی گەورانی هەولێر ئەم ساڵ کراوەتەوە و نوێیە، بۆیە 25 حوکمدراوی هۆشبەر چارەسەریان وەرگرتووە.
لە زاخۆ "ژمارەی چارەسەرکراوان رووی لە زیادبوونە"
لە زاخۆ سەنتەرێکی تایبەت بە شیاندنەوە و چارەسەری تووشبووانی مادەی هۆشبەر چەند مانگێکە کراوە، سەرپەرشتیارانی سەنتەرەکە رۆژی 25-3-2025 بە رووداویان راگەیاند: "ئامارەکان دەگۆڕێن لەبەرئەوەی ناتوانین ژمارە بڵێین، بەڵام رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئەوانەی چارەسەر وەردەگرن لەو سەنتەرە روویان لە زیادبوونە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی تەمەنی تووشبووان و ئەوانەی چارەسەر دەکرێن، سەرپەرشتیاری سەنتەرەکە دەڵێت، " تەمەنی 18 بۆ 25 ساڵ لە هەموو تەمەنەکانی دیکە ژمارەیان زیاترە کە بۆ چارەسەر هاتوونەتە سەنتەرەکە، هەروەها بەتەمەنترین کەس 55 ساڵانە کە ئێستا لە سەنتەرەکە چارەسەر وەردەگرێت."
ئەبوبەکر باییز، قایمقامی پشدەر دەڵێت: هەرێمی کوردستان کەوتووەتە سەر هێڵی ترانزێتی مادەی هۆشبەر:
دۆخی دراوسێکانی کوردستان لە مادەی هۆشبەر
بەپێی توێژینەوە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە هەر چوار وڵاتی دراوسێی کوردستان تورکیا لە هەموویان باشترە لە رووی چارەسەر و شیاندنەوەی تووشبووان، چونکە:
- سیستمی باشترە لە وڵاتانی دراوسێ.
- ناوەندی تایبەت بە چارەسەری زۆرە.
- یاساکانی تووندن دژی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر.
- پڕۆگرامی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی زۆرە.
عێراق
- سیستمی چارەسەری لاوازە.
- ناوەندەکانی چارەسەر (هەرچەندە هەندێک ناوەند کراونەتەوە) بەڵام کەمن.
- ژمارەی تووشبووان زۆرن.
- نەبوونی سیاسەتی پاڵپشتی دەروونی.
ئێران
- رێژەی بەرزی تووشبووانی هەیە.
- سیستمی چارەسەری سەخت و پڕ ئاڵنگارییە.
- گرفتی کەمی ناوەندەکانی چارەسەری هەیە.
- گرفتی کۆمەڵایەتیی قووڵ بەو هۆیەوە سەریهەڵداوە.
سووریا
- کاریگەریی جەنگ لەسەر وڵاتەکەیە.
- نەبوونی سیستمی تەندروستی.
- بەکارهێنان زیادیکردووە.
- نەبوونی ناوەندی چارەسەر.
لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەپێی راپۆرتی نێودەوڵەتی، ئیسرائیل پێشکەوتووترین وڵاتە لە بواری چارەسەری تووشبووانی مادەی هۆشبەر، هۆکارەکانی بریتین لە:
- سیستمی تەندروستی پێشکەوتوو.
- ناوەندی پسپۆڕی و چارەسەری.
- چاودێریی تەواوی دەروونی و جەستەیی.
- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پزیشکیی پێشکەوتوو.
- سیاسەتی مرۆڤانە.
- بینینی ئالوودەبووان وەک نەخۆش نەک تاوانبار.
- چارەسەری بەخۆڕایی.
- پاڵپشتیی کۆمەڵایەتیی بەهێز.
- بەرنامە زانستییەکان.
- توێژینەوەی بەردەوام.
- بەکارهێنانی رێگای نوێی چارەسەری.
- هاوکاری لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان.
- هۆشیاریی کۆمەڵایەتی.
- پڕۆگرامی روونکردنەوە.
- کەمکردنەوەی پەراوێزخستن.
- پاڵپشتیی دەروونی بۆ خێزانەکان.
- سیستمی یاسایی پێشکەوتوو.
- یاساکانی هاریکاری.
- چارەسەر لە جیاتی سزادان.
- گرنگیدان بە گەڕانەوەی تاک بۆ کۆمەڵگا.
پێنج وڵاتی نموونەیی لە چارەسەری تووشبووان
1- پۆرتوگال
- یەکەمین وڵات بوو سیاسەتی جیاوازی تەندروستی بۆ ئالوودەبووان جێبەجێکرد.
- ساڵی 2001 سیاسەتی جیاوازی مادەی هۆشبەری گرتەبەر.
- رێژەی مردنی بەهۆی مادەی هۆشبەر کەم کردەوە.
- چارەسەری بەخۆڕایی و بەئاسانی بەردەست خست.
2- هۆڵەندا
- سیستمێکی پێشکەوتووی چارەسەری هەیە.
- ناوەندی چارەسەری زۆر پێشکەوتوو.
- سیاسەتی مرۆڤانە بەرامبەر ئالوودەبووان.
- چارەسەری گشتگیر و زانستی.
3- نەرویج
- سیستمی تەندروستیی بەهێز.
- سەرنجدانی تەواو بە رەوشی دەروونی.
- چارەسەری بەخۆڕایی.
- پاڵپشتیی کۆمەڵایەتیی بەهێز.
4- دانیمارک
- ناوەندی چارەسەری پسپۆڕ.
- سیاسەتی مرۆڤانە و مافپارێزانە.
- گرنگیدان بە چارەسەری وردی تاکەکەسی.
5- سویسرا
- سیستمی پزیشکیی پێشکەوتوو.
- چارەسەری زانستی بە شێوەیەکی گشتگیر.
- ناوەندی چارەسەری تایبەت.
لە خوارەوە ڤیتییەک لەبارەی گەنجێکی هەرێمی کوردستان ببینە کە 8 ساڵ ئالوودەی مادەی هۆشبەر بووە، پاش دەستگیرکردنی بیرکردنەوەی گۆڕاوە، ئێستا ئالوودە نییە و دەڵێت: هەموو کەسێک دەیەوێت وازبهێنێت، بەڵام نازانێت چۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ