رووداو - عەفرین
دوای 7 ساڵ لە ترس و دڵەڕاوکێ، جارێکی دیکە ئاگری نەورۆز لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان کرایەوە، دەیان هەزار کەس روویان کردە چیای کورمێنج و شوێنەکانی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا دەڵێت، نەورۆزی ئەم ساڵ لە عەفرین جیاوازە.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، "چوار بۆ پێنج مانگە ئامادەکاری بۆ نەورۆزی ئەم ساڵ دەکەین، ئەم نەورۆزە یەکەم نەورۆزی دوای هەڵوەشانەوەی رژێمی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆرە. ئەم رژێمە بەڕاستی رژێمێکی ستەمکار و دیکتاتۆر بوو،" ئەمە یەکەمین نەورۆزە کە بەم شێوە خۆشە بەڕێوەدەچێت.
لەکاتی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە ساڵی 2018، کورد لە ئاهەنگگێڕانەکانی نەورۆز بێ بەش بوون، ژیانیان بەهۆی گوشار و هەڕەشەکانەوە گۆڕدرا و ئیدی نە ئاگریان دەکردەوە و نە جلوبەرگی کوردییان لەبەر دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوان ئەو قۆناخەیان تێپەڕاندووە.
هاونیشتمانییەکی عەفرین قسەی بۆ رووداو کرد و جەژنی نەورۆزی لە چوار پارچەی کوردستان پیرۆز کرد، گوتیشی، "عەفرین خۆشە و هەتا مردن دەست لە عەفرین بەرنادەین."
جەژنی نەورۆزی 2025 یەکەم جەژنە ئاڵای کوردی تێیدا بەرز دەکرێتەوە، جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکرێت، دەنگی گۆرانیی کوردی بەرز دەبێتەوە، بەمەش کوردانی عەفرین جەخت دەکەنەوە کە ئەوان قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکەن و بوونی خۆیان نیشان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ