رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سێرت ـی باکووری کوردستان، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان بە ناوی زیلان لە کاتی یاریکردندا دەکەوێتە نێو چەمێک و گیانی لەدەستداوە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 20ـی ئاداری 2024 لە گوندی بنکار سەر بە شارۆچكەی شیرڤان روویدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان زیلان ئیماچـی تەمەن سێ ساڵ لە کاتی یاریکردندا کەوتووەتە نێو ئەو چەمەی کە بە بەردەم ماڵەکەیاندا تێپەڕدەبێت.
خزم و کەسوکاری کە ماوەیەک هیچ هەواڵێکیان لە زیلان نەبووە، دەستیان کردووە بە گەڕان و منداڵەکەیان لە کەنار چەمەکەدا دۆزیوەتەوە.
دوای گەیشتنی تیمەکانی تەندروستی و جەندرمە، زیلان گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، نەتوانراوە رزگار بکرێت و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بەمەبەستی توێکاری، تەرمی زیلان گەیێندراوەتە مردووخانەی نەخۆشخانەی فێرکاری سێرت و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ