رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، لە سنوورەکەیان پێویستیان بە زیاتر لە 250 ملیم بارانە بۆ ئەوەی مەترسیی وشکەساڵی تێپەڕێنن و ئەم ساڵ لەو بڕە زیاتر باریوە.
دەشڵێت، بۆ ئەم ساڵ مەترسیی وشکەساڵییان تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، پار ئەم کاتە لە کەلار کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، 164 ملیم؛ کفری 187، خانەقین 154.4، پێباز 220.5 و لە مەیدان 263 ملیم باران باریبوو.
ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە 21-02-2024، لە کەلار 262.3؛ کفری 187.4؛ خانەقین 151.1؛ پێباز 337 ملیم و لە مەیدان 526 ملیم باران باریوە.
شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان، ئەو زانیارییانەی بە رووداو دا.
پار بەرهەمی گەنم لە گەرمیان لە نێوان 100 بۆ 130 هەزار تۆن بوو و تەنیا 32 هەزار تۆن لە سایلۆی گەرمیان وەرگیراوە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، لە مانگی سێ و چوار پێویستیان بە بارانی هاوسەنگە بۆ ئەوەی بەرهەمی دانەوێڵەی باشیان هەبێت.
لەبارەی بەرهەمی ئەم ساڵ شادیە حوسێن گوتی، ئەگەر گرفتێک نەیەتە پێش، (دروستبوونی لافاو یان لە مانگی چوار و پێنج تووشی وشکییەکی زۆر نەبنەوە) بەرهەمی ئەم ساڵیان لەنێوان 150 بۆ 200 هەزار تۆن دەبێت.
ساڵی 2021-2022 لە گەرمیان وشکەساڵی بوو و ژمارەیەکی زۆر جوتیار زەرەریان کرد و بڕیار بوو قەرەبووبکرێنەوە. شادیە حوسێن دەڵێت، راپۆرتێکی وردیان لەوبارەوە ئامادەکردووە و ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان و ئەنجوومەنی وەزیرانیش کراوە، بەڵام هیچ جووتیارێک قەرەبوو نەکراوەتەوە.
لە ساڵێکى ئاسایی باراندا گەرمیان نزیکەى 20%ـى بەروبوومى کشتوکاڵى بەتایبەت گەنم و دانەوێڵە بۆ هەرێمى کوردستان دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ