دادگەی فیدراڵی: کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە

21-02-2024
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 تێنەپەڕێت، هاوکات کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری هەژمارکرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بڕیارەکانی بەمشێوەیە بوو:
 
یەکەم: بڕگەی 11 لە مادەی یەکەم، لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، ژمارە 1 بۆ ساڵی 1992، دەستوورییە و بەمشێوەیەش پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێکدێت.
 
دووەم: نادەستووریبوونی بڕگەی ''بەگوێرەی بڕگەی 4 لە مادەی 2ـی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارە 11 بۆ ساڵی 2007 تاوەکو دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە کوردستان پێکدێت'' کە لە مادەی شەش دووبارەکراوی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ژمارە 1 بۆ ساڵی 1992 هەموارکراو هاتووە و دەقەکەش بەم شێوەیەی لێدێت:
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق شوێنی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە کوردستانی عێراق دەگرێتەوە، بەپێی ئەم یاسایە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئیدارەدانی و هەروەها نادەستووریبوونی بڕگەی چوارەم لە یاسای شەشەمی دووبارەکراو.
 
سێیەم: نادەستووریبوونی مادەی 9 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ژمارە 1 بۆ ساڵی 1992 هەموار کراو و دەقی پێشوو دەچێتەوە بواری جێبەجێکردن کە پێشتر و بە گوێرەی مادەی چوارەم لە هەمواری سێیەم بە ژمارە 47 بۆ ساڵی 2004  هەڵوەشێندرابووەوە.

 

 
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە، دەقەکەش بەمشێوەیەی لێدێت: "کوردستانی عێراق بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت کە نابێت لە چوار بازنە کەمتر بێت."
 
چوارەم: نادەستووریبوونی مادەی سێیەم لە یاسای ژمارە 15 بۆ ساڵی 2013 و یاسای حەوتەمی هەموارکراو بۆ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ژمارە 1 بۆ ساڵی 1992ـی هەموارکراو کە بەپێی مادەی 17 لە یاسای ئاماژەپێدراو هەڵوەشێندرایەوە و گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی مادەی پێشوو.
 
کە تێیدا هاتووە ''فەرمانگەی باری شارستانی کارتی دەنگدان بە هەموو هاووڵاتییەک دەدات کە تەمەنی 18 ساڵی تەواو کردبێت، بەپێی چوارچێوەیەک کە هێما و شێوەی دەربخات و دەنگدەر لە کاتی دەنگدان بیسەلمێنێت کە ئەو کەسەیە لەسەر ناسنامەکەیە."
 
پێنجەم: نادەستووریبوونی بڕگەی ''لە ناو کوردستانی عێراق'' لەگەڵ ''مەرجە ژمارەی بەربژێرەکان هەر لیستێکی هەڵبژاردن لە سێ کەس کەمتر نەبێت کە لە مادەکانی 22 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بۆ ساڵی 1992 هاتووە.
 
دەقەکەش بەم شێوەیەی لێدێت: ''هەموو کیانێکی سیاسی لە کوردستانی عێراق لیستێک بە ناوی بەربژێرەکانی پێشکێش دەکات و مەرجە رێژەی 30٪ی بەربژێرەکان ئافرەت بن، ریزبەندکردنی ناوی بەربژێرەکانیش بەشێوەیەک بێت کە زامنی رێژەی ئافرەتان بکات لە پەرلەمان."

 

 
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە بێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەی لێدێت:
 
- کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات.
- 11 کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
- بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بازنە کەمتر نەبێت.
- کۆمیسیۆنی عێراق شوێنی دەستەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگرێتەوە.
- هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان فرە بازنەیی بێت.

 

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان و تاوتوێکردنی شەش دۆسیە کۆبووەوە، یەکێک لە دۆسیەکان یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو کە سکاڵاکە لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە تۆمارکرابوو.  
 
ئەو سکاڵای لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکراوە لەسەر مادەکانی (1، 9، 15، 22 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە کە باس لە دابەشکردنی کورسی پێكهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
بە ئەمڕۆوە ئەوە 12هەمین دانیشتنی دادگەی فیدراڵی عێراق بوو لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. دوایینجار رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2024 دادگە لەوبارەوە کۆبووەوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدرا.
 
"دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان نادەستوورییە"
 
یەکێکی دیکە لەو کەیسانەی دادگە بڕیاری لەبارەوە دا، بابەتی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو؛ جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە".
 
 سەرۆکی دادگە لە وەڵامی سکاڵایەکدا لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی گوت.
 
هەروەها دادگەکە بڕیاریدا، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا بکات. هەروەها حکومەتی ناوەند بەبێ قەرز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.