ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی سوودمەندانی مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان بڕیارێک دەدات

20-12-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی رەشنووسی یەکەمی رێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان دەکات و بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنەکە لەبارەی سوودمەندانی مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان.
 
رۆژی چوارشەممە 20-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەپەرشتی مەسروربارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەیزان کۆدەبێتەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، بڕیارە لە کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی دوو بڕگە بکات؛  بڕگەی یەکەم بریتی دەبێت لە خستنەڕوو و خوێندنەوەی یەکەم بۆ مادە و بڕگەکانی رەشنووسی یەکەمی رێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان. 
 
بڕگەی دووەم، تایبەت دەبێت بە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی سوودمەندانی مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان.
 
یاسای چاکسازیی ژمارە 2ـی ساڵی 2020 بڕگەیەکی تێدایە دەڵێت، دەبێت هەر هاووڵاتییەک یەکجار سوودمەند بێت لە خەزێنەی گشتی و یەک مووچەی هەبێت، بەڵام بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی بەدەربکات لەو بڕگەیە، چونکە هەیە مووچەیەکی زیندانی سیاسی هەیە و باوکیشی شەهیدە مووچەی شەهیدانەی باوکیشی وەردەگرێت، ئەگەر بڕیارەکە بیگرێتەوە دەبێت یەک مووچە وەبگرێت و مووچەی دووەمی دەبڕدرێت.
 
ئەگەر ئەمڕۆ بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەدەر دەکرێن لەو بڕگەیە، واتا ئەگەر کەسێک فەرمانبەرە دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرایەتیی خۆی وەربگرێت و ئەگەر باوکی شەهید بووە دەتوانێت مووچەی شەهیدانەی باوکیشی وەربگرێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.