رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتیمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان کە یەکێکیان ژنە و دایکی دوو منداڵە، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکانی کەرەج و سنە لەسێدارە دران.
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، سەمیرا سەبزیانفەرد، تەمەن 30 ساڵ و خەڵکی شاری خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە گرتووخانەی قەرچەکی کەرەج بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی لەسێدارە دراوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردووتەوە؛ ئەو هاونیشتیمانییە 10 ساڵ پێش ئێستا و کاتێک کە 20 ساڵ بووە، بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی دەستگیرکراوە، دواتر دادگە سزای لەسێدارەدانی بەسەریدا سەپاندووە.
بەپێی زانیارییەکان، سەمیرا سەبزیانفەرد کە دایکی دوو منداڵی تەمەن 11 و 15 ساڵانە، کاتێک لەژێر تەمەنی 18 ساڵیدا بووە، ناچار بە هاوسەرگیری کراوە، دواتر بە هاوکاریی دوو کەس، کە یەکێکیان خوشکی خۆی بووە، لە شاری مەلاردی سەر بە پارێزگای تاران هاوژینەکەی کوشتووە.
هەر ئەمڕۆ هاونیشتیمانییەک بە ناوەی فەرزاد گول محەممەدی، تەمەن 32 ساڵ لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە درا.
فەرزاد گول محەممەدی خەڵکی گوندی پاڵنگانی سەر بە شاری کامێرانی پارێزگای سنەبوو، پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی کەسێک دەستگیر کرابوو و لەلایەن دادگەی تاوانەکانی سنەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
لەسێدارەدانی ئەو دوو هاونیشتمانییە لە کاتێکدایە لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا، لانیکەم 11 هاونیشتیمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و مادەی هۆشبەر لەسێدارەدراون، کە پێنجیان خەڵکی کرماشان بوون، سێ کەسیان خەڵکی ورمێ و سێ کەسەکەی دیکەش خەڵکی سنە بوون.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ساڵی رابردوو 582 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. ئەوەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2021ـدا 331 کەس لەسێدارەدرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ