رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو شەپۆلێکی بارانبارین هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، "لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەگەری بەفربارینیش هەیە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، لە شەودا کاریگەریی شەپۆڵێکی بارانبارین لەگەڵ کاریگەریی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری روو لە ناوچەکەمان دەکات."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمشەو لە ناوچە جیاجیاکان نمە باران دەبارێت، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە درەنگی شەودا بەفر لە ناوچە سنوورییەکان دەبارێت."
لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە، "کاریگەریی بارانبارین زیاتر دەبێت. لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەریی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەریش، پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت. هەروەها شەپۆلێکی بەفربارین سەرجەم ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەی لە 2500 مەتر بەرزترن، دەگرێتەوە."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمشەو شەپۆلێکی بارانبارین هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە رووسیاوە هەوایەکی سارد دەگاتە هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما 11 پلە نزم دەبێتەوە."
ئەو شارەزای کەشناسی دەڵێت، "چەقی بارانبارینەکە 25ـی تشرینی دووەم دەبێت، پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و راپەڕین دەگرێتەوە." گوتیشی، "لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک، هەڵەبجە و سۆران ئەگەری بەفربارین هەیە."
بە گوتەی محەممەد کەمال، شەپۆلەکە تاوەکو ئێوارەی 26ـی مانگ بەردەوام دەبێت، بەڵام لەدوای کۆتاییهاتنی باران، شەپۆلێکی تووندی سەرما بۆ ماوەی نزیکەی 10 رۆژ، لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە کاتی پەڵە، محەممەد کەمال گوتی، "ئەم بارانە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانی پەڵەیە، کاتەکەی کەمێک دواکەتووە، بەڵام تاوەکو کۆتایی مانگی 12ش هەر کاتێکی گونجاوە بۆ پەڵەدان."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 18 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 16 پلەى سیلیزى
دهۆک: 17 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 19 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 17 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 17 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 6 پلەى سیلیزى
سۆران: 13 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 20 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ