رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی کورد بە ناوی ئیرەج پاکی، تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی شاری سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ئەردەبیل لە باکووری رۆژئاوای ئێران، لەسێدارەدرا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو هاونیشتیمانییە رۆژی یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024 لە بەندی یەکی گرتووخانەی ناوەندیی ئەردەبیلەوە گوازرابووەوە ژووری تاکەکەسی و، بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 19ـی شوبات لەسێدارەدراوە.
ئەو هاونیشتمانییە کوردە شەش ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی عومەر خەشمانی بەتۆمەتی قاچاخچیێتی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە نزیک شاری ئەردەبیل دەستبەسەر کرا، دواتر لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئەردەبیلەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. دادگە هەروەها سزای 15 ساڵ بەندکردنی بەسەر عومەر خەشماندا سەپاند.
ئیرەج پاکی، خەڵک گوندی ستوون رەش ـی سەر بە ناوچەی کوهساری شاری سەڵماس بوو، ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و چوار منداڵی هەبوو.
بەپێی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی 2023، 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و 151 کەسیان کوردن، کە دەکاتە 18٪ـی کۆی ئەوانەی لەسێدارەدراون.
بەگوێرەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ