رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کارگێڕی ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبووەوە و سکاڵاى لایەنە ناڕازییەکانى کەرکووکی دواخست.
شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دادگەی کارگێڕیی لە بەغدا بڕیاری دا سکاڵای لایەنە ناڕازییەکان لەدژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیى پارێزگەی کەرکووک، بۆ 04-12-2024 دوابخرێت."
هەرسێ فراکسیۆنی سیادە، بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان سکاڵایان تۆمارکردووە. سیادە، سێ سکاڵا و هەریەک لە بەرەی تورکمانی و پارتیش سکاڵایەکیان تۆمارکردووە.
شەوی 10(ـی ئابی 2024)، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک کۆبوونەوەیەکی لە میوانخانەی رەشید رێکخست، لە کۆی 16 کەس، 7 کەسی فراکسیۆنی پارتی، تورکمانی و لیستی سیادە ئامادە نەبوون؛ ئەمەش ناڕەزایی ئەو لایەنانەی لێکەوتەوە و سکاڵایان تۆمارکرد. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی سکاڵای تورکمانەکان لە 7ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، دانیشتنی سوننەکان لە 14ـی هەمان مانگ و، پارتیش لە 16ـی ئۆکتۆبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ