کوردستان
کامێرایەکی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی دووکان - سلێمانی. وێنەكە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگەدار دەکاتەوە کە ئەم چوارشەممەیە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەنێوان تاسڵوجە و چەمچەماڵ، کە خاڵ بۆ خاڵن، دەکەونەکار.
یەکشەممە 24-11-2024 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "شۆفێرانی بەڕێز ئاگادار دەکەینەوە کامێرای چاودێریی خێرایی جێگیر بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵی نێوان تاسڵوجە – چەمچەماڵ ئەم چوارشەممەیە لە 27-11-2024 کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ دەکەونەکار."
عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "سەرجەم کامێراکان کە بە هەردوو ئاراستە لەنێوان تاسڵوجە – چەمچەماڵ 14 کامێران؛ 7 کامێرا لە هاتن و 7 لە سایدی چوون جێگیر کراون."
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش دا، "هاوکات 14 کامێرای دیکەیش تاوەکو سنووری ناحیەی بازیان دەگرێتەوە و بە پێچەوانەوە بەرەو ئاراستەی سلێمانی بەیەکەوە بەستراونەتەوە، ژمارەی هەموو کامێراکان 28 کامێرایە."
هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە: کامێراکان لە سەرەتای پردی تاسڵوجەوە تاوەکو کۆتایی بازگەی (بانی مەقان) لە قۆناخی تێستدان، رۆژی چوارشەممە سەرپێچی تیژڕەویی شۆفێران تۆمار دەکەن.
هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەیدا دەنگۆیەکی رەتکردووەتەوە و دەڵێت، "بۆ زانیاریی شۆفێرانی بەڕێز، باس لەوە دەکرێت شۆفێر لە ئاستی کامێراکان بەخێرایی یاسایی بڕوات، دواتر خێراییەکەی زیاد بکات تاوەکو ئاستی کامێرایەکی تر، دووبارە هێواشی بکاتەوە خێرایی تۆمار ناکات؛ دەبێت دڵنیابن کە ئەم زانیارییە هەڵەیە. سیستمی خاڵ بۆ خاڵ ماوەی نێوان کامێراکان هەژمار دەکات."
لە ساڵی رابردووەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، چەندین کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە جۆرەکانی خاڵ بۆ خاڵ و جێگیری لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ