رووداو دیجیتاڵ
دایکی پژمان فاتحی، یەکێک لەو چوار زینداییە سیاسییەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەند رۆژ لەمەوبەر لەسێدارەدران، داوای لە حکومەتی ئێران کردووە، تەرمی کوڕەکەی بدەنەوە.
چوار زیندانیی سیاسیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی 29-1-2024 لە گرتووخانەی قزلحەساری شاری کەرەجدا لەسێدارەدران، بەڵام حکومەتی ئێران تائێستا تەرمەکانیانی نەداوەتەوە کەسوکاریان.
ئەفسانە یوسفی، دایکی پژمان فاتحی، دەڵێ "کۆماری ئیسلامی کوڕەکەمی لەسێدارەداوە و ئێستا داوادەکەم تەرمەکەیم پێبدرێتەوە، چونکە دەبێت کوڕەکەم ناونیشانێکی هەبێت و دواتر بە سەباحی کوڕی پیشان بدەم."
پژمان فاتحی خەڵکی گوندی ئەڵکی سەر بە شاری کامێرانی پارێزگای سنە بوو. ئەو کوڕێکی تەمەن پێنج ساڵانی هەیە.
بەرەبەیانی رۆژی 29-1-2024 چوار زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵوم، خەڵکی مەهاباد؛ محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، خەڵکی دێولان؛ وەفا ئازەربار، خەڵکی بۆکان و پژمان فەتحی کە هەموویان پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان بوون، لەسێدارەدران.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دوو رۆژ دواتر بڵاویکردەوە "ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەسوکاری ئەو چوار هاونیشتمانییەیان راگەیاندووە 'خۆمان بە نهێنی لە شوێنێکی نادیار بەخاکیان دەسپێرین'."
لە رابردووشدا زۆر لەو زیندانییە سیاسییانەی لە ئێران لەسێدارەدراون، تەرمەکانیان بە کەسوکاریان نەدراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی رەخنەی رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ.
هەر چوار هاونیشتمانییەکە لە رۆژی 23-6-2023 لە ناوچەی ورمێ دەستگیرکران، دواتر لقی 26ـی دادگەی شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "موحارەبە (شەڕ لەگەڵ خودا) و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل'' سزای سێدارەی بەسەریاندا سەپاند.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هاوینی ساڵی 2023 ئەوانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی؛ سیخوڕی ئیسرائیلن و ویستوویانە کارگەیەکی بەرهەمهێنەری سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لە شاری ئیسفەهان بتەقێننەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کەسوکاریان تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل رەتدەکەنەوە.
مەسعود شەمس نەژاد، پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییانەش، رۆژی لەسێدارەدانیان گوتی "ئەوان لە کاتێکدا لەسێدارەدران، کە لە هەردوو دادنامەی سەرەتایی و کۆتایی دادگەدا بە روونی گوتراوە، تۆمەتبارەکان پێش بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆن دەستبەسەر کراون. ئەمەش واتای ئەوەیە؛ ئەوان بەبێ ئەوەی تاوان بکەن، سزادران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ