بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری: لە رۆژی یەکەمی سەرژمێریدا نزیکەی 70٪ـی خێزانەکان تۆمارکراون

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رۆژی یەکەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندا، بژمێرەکان 70٪ـی زانیارییەکانی تۆمارکردنی خێزانەکانیان تەواوکردووە.
 
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی "هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکاربوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری و ئەمڕۆ 20-11-2024، کە رۆژی یەکەمی قەدەخەی هاتووچۆ بوو، بژمێرەکان 60% بۆ 70%ـی زانیاریی خێزانەکانیان نوێکردووەتەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. 
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، دوای 20 و 21ـی مانگ، بۆ ماوەی 5 رۆژ پرۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت،  دواتر قۆناخی کۆتایی دەستپێدەکات. 
 
لەو پێنج رۆژەدا راهێنانی نوێ لەبارەی قۆناخی کۆتایی سەرژمێری بە بژمێرەکان دەکرێت، لەو ماوەیەدا سەردانی ماڵان ناکەن، بەڵام رۆژی 27-11-2024 دەستدەکەنەوە بە سەردانی ماڵان و فۆڕمی پرسیارەکان بۆ هاونیشتمانییان پڕدەکەنەوە، کە قۆناخی کۆتایی پرۆسەکەیە.
 
مەحموود عوسمان گوتی "راوەستانی پرۆسەی سەرژمێری بۆ ماوەی 5 رۆژە و تەنیا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە پارێزگاکانی عێراق و ناوچەکانی مادەی 140، پرۆسەکە راناوەستێت و بەردەوام دەبێت.''
 
سەبارەت بەو کەسانەی بژمێرەکان لەو دوو رۆژەدا سەردانیان ناکەن، مەحموود عوسمان گوتی "دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری تایبەت بە پرۆسەی سەرژمێری بکەن، کە ژمارە (567)ـە و ناونیشانی ماڵەکە بە بژمێرەکان بدەن تاوەکو سەردانیان بکەن و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە."
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، عەلی قەڵایی، بەرپرسی سەنتەری هەڵبژاردنی سەڵاحەدین و کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: بەهۆی گەڕانەوەی بەلێشاوی هاونیشتمانییانی کورد بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان و جۆش و خرۆشیان بۆ خۆتۆمارکردن لە سەرژمێری، لە کەرکووک پرۆسەکە وەکو جەژن و بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی لێهاتووە.
 
عەلی قەڵایی گوتیشی "نیگەرانی بەرەی تورکمانی و لایەنە عەرەبەکانی کەرکووک لە گەڕانەوەی بە لێشاوی کورد بۆ پارێزگەکە نیشاندەری سەرکەوتوویی کورد و پارێزگارییە لە شووناسی کوردستانیبوونی کەرکووک."
 
بەرپرسی سەنتەری هەڵبژاردنی سەڵاحەدین و کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسی لە دۆخی ئێستای کەرکووک کرد، کە لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر هەموو هەوڵێک دراوە بۆ شێواندنی دیمۆگرافیا و گوتی "بەپێی هەندێک داتا، لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 500 هەزار عەرەب لە پارێزگەکانی دیکەوە هێنراونەتە کەرکووک."
 
گوتیشی "کورد، گومان و مەترسیی هەبوو بەرامبەر سەرژمێری و پێمانوابوو دۆخی ناوچەکانی مادەی 140 گونجاو نییە بۆ پرۆسەیەکی لەوشێوەیە، بەڵام ئێستا گەڕانەوەی دەیان هەزار کورد و خۆتۆمارکردنیان لە پارێزگەکە، مایەی دڵخۆشییە."
 
سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەستیپێکرد و سبەی بەردەوام دەبێت. بەرپرسانی سەرژمێرییەکە دەڵێن، ئەوانەی خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکانن، دەبێت یەکێکیان بمێنێتەوە، بەپێچەوانەوە "وەکو ئەوە وایە دوو رۆژی سەرژمێریی گشتیی، هیچیان نەکردبێت." 
 
بەرپرسێک لە لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەوانەی چوونەتەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان، باشتر وایە تاوەکو کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، کەسێکیان لەو شارانە بمێنێتەوە و وەڵامی تەواوی پرسیارەکان بداتەوە." 
 
لەبارەی ئەو گومانانەی لە وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری دەکرێن بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سەلام عەبدوڵڵا رۆژنامەڤان و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات کە رۆژنامەی فەرمی و زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی "20 ساڵە رژێمی بەعس لە عێراق لەنێوچووە، تاوەکو ئێستا رێگریی کراوە لە سەرژمێری، بەڵام دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، تەعریب و شێواندنی دیمۆگرافیای کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140، ئەم پرۆسەیە دەکرێت بۆیە مایەی گومانە."
 
سەلام عەبدوڵڵا پێیوایە "لایەنە عەرەبییەکان دڵنیا بوون لە سەرکەوتنیان، بۆیە ئێستا سەرژمێرییان کرد."
 
بۆ یەکەمجار لە دواى 37 ساڵ سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەم بۆ تۆمارکردنى خێزانەکان دەستنیشانکرابوو و قەدەخەی هاتووچۆی تێدا پیادەکرا و بڕیارە دوای 48 کاژێریش ئەنجامەکانی سەرژمێری لە هەموو عێراق رابگەیەندرێن، جگە لە ناوچەکانی مادەی 140 کە بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئەنجامەکانی سەرژمێرییان راناگەیەندرێن تاوەکو بەراورد نەکرێن بە ئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی 1957 و دڵنیابوونەوە لە دروستیی زانیارییەکان بەهۆی دۆخی سیاسی و نەتەوەیی ئەو ناوچانەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێشەی خێزانە کوردەکان لە سەرژمێری

لەدوای بەدواداچوونی رووداو، خێزانێکی کورد لە خانەقین لە سەرژمێری دا تۆمار دەکرێن

خێزانێک لە 19-11-2024 لە کەلارەوە چوونەتە خانەقین لە ماڵی خزم و کەسوکاریان ماونەتەوە بەڵام بژمێرەکانی سەرژمێری چوونەتە لایان و گوتوویانە کە تۆمار نەکرێن. رووداو بەدواداچوونی کرد و کێشەکەیان چارەسەرکرا و سەرجەمیان تۆمار کران