لە سەرژمێریدا هەڵەبجە وەکو قەزا هەژمار کراوە

14-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە رایگەیاند، لە سەرژمێریدا پارێزگای هەڵەبجە وەکو قەزا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش بە بڕیارێکی نادروست ناودەبات و وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار بە کەمتەرخەم دەزانێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2024، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 10 ساڵە هەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگابوونی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دراوە، کەچی بۆ سەرژمێری مامەڵەی قەزا لەگەڵ پارێزگاکەدا دەکرێت. 
 
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە گوتی: "ئەمە کارێکی ناڕاستە و بەو مانایە دێت کە حکومەتی فیدراڵ دان بە پارێزگای هەڵەبجەدا نانێت."
 
کاوە عەلی پێیوایە، وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار "کەمتەرخەمن" و دەڵێت: "نەدەبوایە رازی بن، چونکە هەڵەبجە چەند ساڵێکە وەکو پارێزگا هەژمار دەکرێت، کۆدی خۆراکیی تایبەت بە خۆی هەیە، تابلۆی ئۆتۆمبێلی خۆی هەیە و چەندین شتی دیکەی هەیە."
 
رۆژی سێشەممە، ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر ئەو پرسە کۆبووەتەوە. کاوە عەلی گوتی: "نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان کردووە، کە پێویستە هەڵەبجە وەکو پارێزگا یاخود هیچ نەبێت وەکو بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە هێشتا کات ماوە."
 
بە گوتەی کاوە عەلی، بیانووی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کە هەڵەبجە وەکو قەزا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەوەیە هێشتا لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەدراوە.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی عێراق کرد.
 
13-03-2023، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێکارە فیدراڵییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند کرد، بەوەش هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای ژمارەی 19ـی عێراق.
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراقە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە، کە داوای بەپارێزگاکردنی چەند قەزایەکی عێراق دەکەن، پڕۆژەیاساکە پەسند نەکراوە.
 
بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە  115,454 کەس بووە، ساڵی 2025 دەبێتە 125,974 کەس.
 
‌هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
 
پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و یاوەرانی لەگەڵ سوودانی.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی: جەخت لە خێراترکردنی پێکهێنانی حکومەت کرایەوە

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە؛ بەپێی راگەیێندراوێکی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە".