رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستان، دوو کەس گیانیان لەدەست دا و چواری دیکەش بریندار بوون.
دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 20-11-2024، لە نزیک شاری کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری سەمەند و بارهەڵگرێکی بچووک (نیسانی باری) پێکیاندادا و بەهۆیەوە دوو سەرنشین لە هەر دوو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا.
عەلی محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت جگە لەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، چوار کەسیش بریندارن.
عەلی محەممەد گوتیشی، بریندارەکان لە ئۆتۆمبێلەکان دەرهێندراونەتەوە و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی شاری کۆیەشت؛ تەرمەکانیش گواستراونەتەوە دادپزیشکی.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
بە گوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-07-2024، شەش هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ