دەستەی ئامار: هیچ پلانێک نییە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرژمێری

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاژێر 12:00ـی ئەمشەو سەرژمێری کۆتایی دێت و هیچ پلانێک نییە بۆ درێژکردنەوەی.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2024، گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەک نەهاتووەتە پێشەوە، ئەگەر هیچ کێشەیەک روونەدات، ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و پێویست بە درێژکردنەوەی کات ناکات."
 
سەبارەت بە تەواوبوونی ئەو قۆناخەی سەرژمێری، کە قەدەخەی هاتووچۆی تێدا راگەیێندراوە، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان گوتی: "سیستەمەکە ئەلیکترۆنییە، خۆکارانە لە کاژێر 12:00ی ئەم شەوەوە دەوەستن، بەڵام لەگەڵ عێراق بە یەک سیستم کار دەکەین، ئەگەر درێژ بکرێتەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە درێژدەکرێتەوە."
 
بە گوتەی گوهدار محەممەد عەلی، بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێر بۆ 72 کاژێر دوای تەواوبوونی ئەن قۆناخە، ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتووان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رابگەیێندرێت.
 
لەبارەی سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەو خێزانانەی لە ناوچەکانی مادەی 140 سەرژمێری دەکەن، پێویستە تاوەکو 10-12-2024 لەو شوێنانە بمێننەوە، بە پێچەوانەوە ناویان تۆمار ناکرێت."
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 500 هەزار هاونیشتمانیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و ، زۆربەیان بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە