رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی دەڵێت، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە تاوەکو درەنگانی شەو کاریگەری بارانبارین لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر دەبێت.
لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 20-11-2023 کاریگەرییەکەی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاتر بوو، بە هۆیەوە ئاستی ئاو لە هەندێک شوێن بەرزبووەوە، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی بارانبارین بە کاریگەرییەکی کەمترەوە دەستیپێکرد.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەرەبەیانەوە بارانبارین لە سلێمانیش دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا شەش ملیم باران باریوە و کۆی گشتی بووەتە 56 ملیم، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 43 ملیم باران باریبوو."
بەگوتەی بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی، بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە دوانیوەڕۆوە تاوەکو درەنگانی شەو کاریگەرییەکەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر دەبێت.
ئاسۆ کەمال رایگەیاند، بارانبارین تاوەکو دوانیوەڕۆی سبەی سێشەممە بەردەوام دەبێت و پاشان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت؛ دەشڵێت، "لە سنووری گەرمیانیش بارانبارین دەستیپێکردووە و ئاستی ئاو لە هەندێک شوێن بەرزبووەتەوە."
بەهۆی مەترسی لافاوەوە ئەمڕۆ دووشەممە لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایە پشووی فەرمی.
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هاونیشتمانییان کرد پابەندی رێکار و رێنوێنییە خزمەتگوزارییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە رووبار و ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان تێدا بەرزدەبێتەوە، لە کاتی ناچاریشدا نەبێت هاتووچۆی رێگەکانی دەرەوە نەکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی کرد و داوای کرد لە "ئامادەباشیدا بن بۆ هەر دۆخێکی فریاگوزاری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ