رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، ئەمڕۆ رۆژێکی چارەنووسسازە و پێویستە دەنگدەران ئەم دەرفەتە لە دەستنەدەن؛ داوا لە ژنانیش دەکات، بەشداریی چالاکیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت و لە ماڵەوە نەمێننەوە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20-10-2024) شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دوای ئەوەی لە سلێمانی دەنگی دا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، ''پەیامم بۆ دەنگدەران ئەوەیە؛ بەشداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە رۆژێکی چارەنووسسازە''.
شاسوار عەبدولواحید هەڵبژاردنی پەرلەمان بە کاریگەر و جیاواز دەزانێت و گوتی، ''ئینشائەڵڵا دوای کاژێر 18:00، خەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە تەواوی چوار ساڵی داهاتوویان بگۆڕن و ژیانێکی جیاواز بۆ خۆیان و کەسوکاریان دابین بکەن. ئەمە دەرفەتێکە تەنیا چەند ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە.''
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رووی دەمی لەو دەنگدەرانە دەکات، کە هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە دەنگ دەدەن یان نا و دەڵێت، ''داوا لەو دەنگدەرانە دەکەم کە هێشتا خۆیان بۆ دەنگدان یەکلایی نەکردووەتەوە، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان؛ دەتوانن لە رێگەی دەنگدانەوە ژیانی چوار ساڵی داهاتوویان بە تەواوی بگۆڕن و دەسەڵاتدارییەکی باش بۆ چوار ساڵی دیکە هەڵبژێرن، دوور لە هەموو کێشە، قەیران و بێ مووچەییەک."
شاسوار عەبدولواحید داوا لە ژنانیش دەکات بەشداریی چالاکیان لە هەڵبژاردندا هەبێت و گوتی، ئەوان دەبێت ''تەنانەت کاریگەرییان لەسەر کەسوکار، منداڵ و هاوژینەکانیان هەبێت. ئەمڕۆ بۆ پیاوان و ژنان رۆژێکی چارەنووسسازە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ