رووداو دیجیتاڵ
لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگدانی گشتی رازی نییە. پارێزگاری دهۆکیش گەشبینە کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە رووی رێژەی بەشداریکردنەوە پارێزگاکەی "یەکەم بێت."
ئەمڕۆ (یەکشەممە) عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و خالد عەباس، بەڕێوەبەری لقی کۆمسیۆن لەو پارێزگەیە، لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
دەوروبەری کاژێر 11:20ـی بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20-10-2024)، عەلی تەتەر گوتی، "بە پشتیوانیی خودا، رێژەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای دهۆک باش دەبێت و وەک هەمیشە یەکەم دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان"؛ ئاماژەی بەوەش کرد "خەڵک بە گۆپاڵەوە دێت؛ هەندێکیان قۆڵیان دەگیرێت؛ هەندێکیان بە عەرەبانەوە دێن [بۆ ئەوەی دەنگبدەن] کە ئەمە مایەی شانازی و رێزە و هێمای هۆشیاریی گەلەکەمانە."
بەڵام خالد عەباس کە لە تەنیشت پارێزگارەوە قسەی کرد، گوتی "رێژەی بەشداریکردن بە دڵمان نییە، لە ئاستی رەزامەندیی کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکاندا نییە"، وێڕای ئەوەی "لە 2009 تاوەکو 2021، بەرزترین رێژەی بەشداریکردن، هەر لە دهۆک بووە."
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن گوتی، هێشتا ناتوانن رێژەی وردی بەشداریکردن رابگەیێنن و هۆشداری دا کە ئەگەر، "ئێستا دەنگدەران نەیەن دەنگبدەن، دوانیوەڕۆ گوشار دەکەوێتە سەر بنکەکان و قەرەباڵخی دروستدەبێت."
کێشەی تەکنیکی
دوای بانگەشەیەکی گەرم و گوڕی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگەکە، ئەمڕۆ 682 هەزار و 791 دانیشتووی پارێزگای دهۆک مافیان هەیە دەنگبدەن کە بەسەر 264 بنکەدا دابەشکراون بۆ ئەوەی نوێنەرانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە پەرلەمانی کوردستان دیاریبکەن.
عەلی تەتەر باسی لەوە کرد "تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی بەڕێوەدەچێت،" بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد "سەرەتا لە کۆی هەزار و 600 ئامێر، تەنیا 3 دانەیان کاریان نەدەکرد، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان یەکسەر فریاکەوتن و ئێستا هەموویان کاردەکەن."
هاوکات خالید عەباس پشتڕاستیکردەوە "بەیانیی کاژێر 07:00 کێشە لە هەندێ ئامێردا هەبوو''، بەڵام گوتی، تیمە تەکنیکییەکانیان "یەکسەر نێردران و ئامێرەکان چاککرانەوە."
بەگوتەی پارێزگاری دهۆک، "تاکە کێشە ئەوەیە؛ هەندێ پەنجەمۆر ناخوێنرێنەوە. بەگوێرەی یاسا، دەکرێت ئەوانە لە دەنگدان بێبەشبکرێن،" بەڵام روونیکردەوە "دەبێت کاری لەسەر بکرێت، چونکە لە کۆی 10 پەنجە، یەکیان بەسە بۆ ئەوەی بخوێنرێتەوە،" هیواشی خواست، ئەوانەی پەنجەیان نەخوێنراوەتەوە، دووبارە بگەڕێنەوە چونکە "دەرفەت هەیە لە دەنگدان بێبەش نەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ