رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگەی هەڵەبجە 36 ناوچەی گەشتیاریی هەن، لە چوار وەرزی ساڵ سەردانیان دەکرێت. بەڵام بەشێک لە گەشتیاران گلەیی لە کەمی خزمەتگوزاری و خراپی رێگەوبان دەکەن.
سرووشتی جوانی چوار وەرزەی هەورامان بۆتە جێی سەرنجی گەشتییاران، چوار خێزانی دانیشتووی سلێمانی چوونەتە بیارە کە یەکێکە لە جوانترین شوێنە گەشتییارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بە گوتەی ئەوان بە تێچوویەکی کەم گەشتێکی خۆشیان ئەنجامداوە.
دیارمستەفا، گەشتیارە و لە شاری سلێمانییەوە هاتووە و دەڵێت، "ئێمە لە شاری سلێمانییەوە هاتووین لەگەڵ ئەم ئازیزانەی لای خۆمان وتمان با گەشتێک بکەین، سروشتێکی جوانە و دڵگیرە، نزیکەی سێ بۆ چوار خێزانین و تێچووەکەشی باشە، بەڵام هەندێک کەموکورتی خزمەتگوزاری هەیە، تۆ لە وڵاتەکەی خۆت گەشت بکەیت باشترە."
کاوان حەمەساڵح، یەکێکە لە خاوەنەکانی خانووە گەشتییارەکانی بیارە و لەبارەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکە باس لەوە دەکات، "لێرە سوپاس بۆ خوا گەشتیارێکی زۆر خواستی لەسەریەتی، هەموو گەشتییاران لە سەرجەم ناوچەکانی عیراق پەیوەندیمان پێوەدەکەن، بەڵام رێگەکەمان هۆکارێکە بۆ ئەوەی گەشتیار کەمتر روومان تێدەکات کە گەشتیار دێن دەڵێن، رێگەکە ناخۆشە، جار وایە گەشتیار پەیوەندییان پێوە کردووین هەموو شوێنەکان بۆ دوو هەفتە بە کری گیراون."
گەشتوگوزاری هەڵەبجە کار بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری کەرتی گەشتیاری دەکات.
چیا قاسم، بەرێوبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لەبارەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی هاتوونەتە ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکات، "ژمارەیەکی زۆری گرووپی گەشتیاری گەشتییان هەیە بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شوێنەکان زۆربەیان بە کرێ گیراون. خۆشبەختانە کار لەسەر ئەوە دەکەین لەسەر ئاستی تاک کەمتربێت و گرووپ زیاتر بێت. زۆربەی گەشتیاران حەزیان لێیە بێن مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ببینن، تۆ بتەوێت سەرنجی گەشتیار رابکێشیت پێویستت بە چالاکییە، چالاکیش پێویستی بە بودجەیە. ئێمە توانای مرۆییمان هەیە، هەموو شتەکانمان هەیە بەڵام پارەمان نییە."
لە سەرەتای دەستپێکی وەرزی پایز زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتییارییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کردووە. بە گوتەی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بەراورد بە ساڵی رابردوو هاتنی گەشتییاران زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ