رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵەبجەی تازە کێلی گۆڕی دوو شەهید دەشکێنرێت و دەرگەی پەرژینی چەند گۆڕێکیش دەدزرێت، کەسوکاری خاوەن گۆڕەکان داواکارن ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە دەستگیربکرێن، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "لێکۆڵینەوە دەکەین".
نەوەر سەعید، هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەڵەبجەی تازەیە، بە رادیۆی رووداوی گوت: "دوێنێ چووینە گۆڕستانی یەخشی (پیر میکائیل) بۆ سەر گۆڕی براکەم 'نەبەر سەعید' کە لە ساڵی 2021 لە کوڵەجۆ شەهیدکرا، بەڵام لەوێ کێلی گۆڕی براکەم و خزمێکمان بەناوی هەڤاڵ رۆستەم کە ئەویش لە 2015 لە شنگال شەهید بووە، شکێنرابوون."
ئەو هاونیشتمانییە داوا لە لایەنە ئەمنییەکان دەکات ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە دەستگیر بکرێن، "چونکە ئەمە سوکایەتییە بەو شەهیدانە و کەسوکارییان". گوتیشی، " جگە لە شکاندنی کێلی گۆڕی شەهیدەکان، پەرژینی چەند گۆڕێکیش تێکدراوە."
بە گوتەی نەوەر سەعید، لەو گۆڕستانە، بێجگە لە تێکدانی کێلی ئەو دوو گۆڕە، دەرگەی پەرژینی چەند گۆڕێکی دیکە لەبن دەرهێنراون و دەرگەکانیان کە ئاسنن دزراون.
پۆلیس و ئاسایشی زەڕایەن لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و بەڵێنیانداوە لێکۆڵینەوە بکەن.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئەو هاونیشتمانییانە ئەگەر سکاڵایان تۆمارکردبێت ئەوا بەگوێرەی یاسا، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین، ئەگەریش کەسەکە وەکو هەواڵدەر هەواڵەکە بە پۆلیس بدات، دادوەر ئاگادار دەکەینەوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ