رووداو - سلێمانی
دوو منداڵ کە خوشکی یەکدی بوون، بەرەبەیانی یەکەم رۆژی ساڵی نوێ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیان بە دووکەڵی ئاگرەکە خنکان؛ ژووری نووستنی منداڵەکان ئەوەندەی دووکەڵ رەشی کردووە، ئەوەندە ئاگر نەیسووتاندووە.
رووداوەکە لە سلێمانی کاژێر 03:40 خولەکی بەرەبەیانی یەکەم رۆژی ساڵی 2025 بووە، بە دووکەڵی ئاگرەکە تاجی شەش ساڵان و خوشکە 10 ساڵانەکەی خنکان.
باوکی منداڵەکان لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە، لە بەغداوە هاتووەتە سلێمانی، پرۆژەی نیشتەجێبوونەکە بە هۆکاری رووداوەکە تۆمەتبار دەکات.
محەممەد رازی، باوکی منداڵەکان دەڵێت، "زەنگی ئاگادارکردنەوە کاری کردووە، بەڵام ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە هیچیان ئاویان تێدا نەبووە و کاریان نەکردووە. لەگەڵ کچەکانم دوایین جار قسەم کرد گوتیان: باوکە کەی دێیتەوە بیرت دەکەین؟ گوتم: دوو رۆژی دیکە. گوتیان: حەزمان دەکرد لەگەڵ تۆ ئاهەنگ بگێڕین."
هۆکاری ئاگرەکە تاوەکو ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە، بەرپرسانی پرۆژەکە هەرچەندە ئامادە نەبوون قسە بکەن؛ بەڵام باس لەوە دەکەن، ئاگرەکە بەهۆی مۆمەوە بووە، بەبێ ئەوەی بەڵگەیەک بخەنەڕوو. بەرگریی شارستانییش تاوەکو ئێستا باسی هۆکاری ئاگرەکەیان نەکردووە.
حەیدەر رازی، مامی منداڵەکان دەڵێت، "ئێمە لە پرۆژە نیشتەجێین، دەبێت لە پرۆژەکان خزمەتگوزاری، ئارامی و سەلامەتییان هەبێت، بەڵام لەماڵەکەی ئەوان هیچ نەبوو، هیچ. منداڵێکی دیکەمان لە بەشی فریاکەوتنە و ئۆکسجینی بۆ بەکاردەهێنن، ئەو خێزانە هەموویان تەواو بوون، ئەمە لەبەر چی؟ چونکە هیچ بەشێکی سەلامەتی لە ماڵەکەدا نەبوو."
جگە لەو دوو منداڵەی لە ئاگرەکەدا خنکان و بڕیارە لە بەغدا بەخاکبسپێردرێن، برایەکیان بریندار بووە و تەندروستیی جێگیرە، دایک و خوشکێکیشیان زیانیان بەرنەکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ