رووداو دیجیتاڵ
لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە رێژەی دەنگدانی ئەو پارێزگایە رازی نییە و دەڵێت تاوەکو کاژێر 11:00ی بەیانی 14٪ بووە.
لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە ناسر عەلی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند کە تاوەکو کاژێر 11:00ی بەیانی رێژەی دەنگدان لە پارێزگای دهۆک 14٪ بووە.
ئەوە لە کاتێکدایە پارێزگاری دهۆکیش گەشبینە کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە رووی رێژەی بەشداریکردنەوە پارێزگاکەی "یەکەم بێت."
رۆژی یەکشەممە 2024/10/20، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و خالد عەباس، بەڕێوەبەری لقی کۆمیسیۆن لەو پارێزگەیە، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
دەوروبەری کاژێر 11:20 خولەکی بەیانی، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک گوتی، "بە پشتیوانیی خودا، رێژەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای دهۆک باش دەبێت و وەک هەمیشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەم دەبێت".
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش کرد کە "خەڵک بە گۆپاڵەوە دێت؛ هەندێکیان قۆڵیان دەگیرێت؛ هەندێکیان بە عەرەبانەوە دێن [بۆ ئەوەی دەنگبدەن] کە ئەمە مایەی شانازی و رێزە و هێمای هۆشیاریی گەلەکەمانە".
بەڵام خالد عەباس، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆن کە لە تەنیشت پارێزگارەوە قسەی کرد، گوتی، "رێژەی بەشداریکردن بە دڵمان نییە، لە ئاستی رەزامەندیی کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکاندا نییە"، وێڕای ئەوەی "لە 2009 تا 2021 بەرزترین رێژەی بەشداریکردن لە دهۆک بووە."
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن هۆشداریدا کە ئەگەر "ئێستا دەنگدەران نەیەن دەنگبدەن، دوای نیوەڕۆ گوشار دەکەوێتە سەر بنکەکان و قەرەباڵخی دروستدەبێت."
کێشەی تەکنیکی
دوای بانگەشەیەکی گەرم و گوڕی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگەکە، ئەمڕۆ 682 هەزار و 791 دانیشتووی پارێزگای دهۆک مافیان هەیە دەنگبدەن کە بەسەر 264 بنکەدا دابەشکراون بۆ ئەوەی نوێنەرانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە پەرلەمانی کوردستان دیاریبکەن.
عەلی تەتەر باسی لەوە کرد کە "تاوەکو ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی بەڕێوەدەچێت،" بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە "سەرەتا لە کۆی هەزار و 600 ئامێر، تەنیا 3 دانەیان کاریان نەدەکرد، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان یەکسەر فریاکەوتن و ئێستا هەموویان کاردەکەن."
هاوکات خالد عەباس پشتڕاستی کردەوە کە "بەیانی کاژێر 7:00 کێشە لە هەندێک ئامێردا هەبوو"، بەڵام جەختی کردەوە کە تیمە تەکنیکییەکانیان "یەکسەر نێردران و ئامێرەکان چاککرانەوە."
بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، "تاکە کێشە ئەوەیە هەندێک پەنجەمۆر ناخوێنرێنەوە. بە گوێرەی یاسا، دەکرێت ئەوانە لە دەنگدان بێبەشبکرێن،" بەڵام روونیکردەوە کە "دەبێت کاری لەسەر بکرێت، چونکە لە کۆی 10 پەنجە، یەکیان بەسە بۆ ئەوەی بخوێنرێتەوە،" هیواشی خواست، ئەوانەی پەنجەیان نەخوێنراوەتەوە دووبارە بگەڕێنەوە چونکە "دەرفەت هەیە لە دەنگدان بێبەش نەبن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ