کوردستان
ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەنگدانی تایبەتدا ریزیان گرتووە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
"لەپێناو سەلامەتیی پرۆسەی هەڵبژاردن" وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێنمایی بۆ لیژنە تایبەتمەندەکان و هێزە ئەمنییەکان دەرکرد بۆ ئەوەی لە بنکەکانی دەنگدان رەچاویان بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی دیوانی گشتیی وەزارەتەکە بە نووسراوێک ئەندامانی لیژنەی باڵا و لیژنەی لاوەکیی ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە کە بردنەژوورەوەی مۆبایل و کامێرا لە لایەن دەنگدەرەوە بۆ نێو بنکەکانی دەنگدان قەدەخەیە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوا دەکات "لە بنکەکانی دەنگدان پشکنین بکرێت"، تەنیا رێگە بە رۆژنامەڤانە رێگەپێدراوەکان بدرێت کامێرا و مۆبایل ببەنە نێو بنکەکان.
بە گوێرەی رێنماییەکان، "قەدەخەیە بەربژێرەکان تاوەکو مەودای 150 مەتر لە بنکەکانی دەنگدان نزیک ببنەوە"، بە هەمان مەوداش "پێویستە هەموو پۆستەری بەربژێرەکان و لیستەکان لە بنکەکانی دەنگدان بکرێنەوە".
نووسراوەکە کە واژۆی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، دەڵێت، "جگە لەو هێزانەی لە چوارچێوەی لیژنەی ئەمنیدا راسپێردراون، هیچ هێز و کەسێک بە جلی سەربازییەوە بۆی نییە لە بنکەکانی دەنگدان نزیک ببێتەوە".
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای کۆبوونەوەی تیمی حکومەت لەگەڵ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەسەر ئەو رێنماییانە رێککەوتوون.
دوای بانگەشەیەکی گەرم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 25ـی 9 بۆ 15ـی 10 بەردەوام بوو، رۆژی یەکشەممە 2024/10/20 کاژێر 07:00ـی بەیانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد.
1266 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی دەنگیان تێدا دەدرێت. لە هەولێر 498 بنکە، لە سلێمانی 477 بنکە، لە دهۆک 264 بنکە و لە هەڵەبجەش 27 بنکە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کراوە دەبن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ملیۆنێک و 15 هەزار و 888 کەس کارتی بایۆمەتریان کردووە و مافی دەنگدانیان هەیە، بە لێدەرکردنی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، کۆی ئەوانەی دەمێننەوە و مافی بەشداریان لەم دەنگدانەدا هەیە، دەکاتە 925 هەزار دەنگدەر و 797 دەنگدەر.
لەم هەڵبژاردنەدا 14 پارت و هاوپەیمانی رکابەری لەسەر کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، کۆی بەربژێران بۆ ئەو هەڵبژاردنە 1191 بەربژێرە و، پارتەکان رکابەری لەسەر 95 کورسی دەکەن لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا.
هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەدا دابەشکراوە بەمشێوەیە:
هەولێر 34 کورسی
سلێمانی 38 کورسی
دهۆک 25 کورسی
هەڵەبجە سێ کورسی
لە کۆی ئەو 100 کورسییە، پێنج کورسی بۆ کۆتا لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دانراون.
هەروەها لە کۆی 1191 بەربژێر بۆ ئەو هەڵبژاردنە، 949 بەربژێریان سەر بە حیزبەکانن، 123 بەربژێری هاوپەیمانێتییەکانن لەگەڵ 119 بەربژێری سەربەخۆ.
پارتی زۆرترین بەربژێری هەیە بە 190 بەربژێر و بەرەی تورکمانیش کەمترین بەربژێری هەیە کە 11 بەربژێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ