رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی، گەرمیان و راپەرین بایکۆتی دەوامیان کردووە و تاکە داواکارییان دامەزراندنە بەشێوەی گرێبەست.
رۆژی چوارشەممە 20-09-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوو بە چەندین نووسراو داوا کراوە مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، بەگوێرەی زانیارییەکانمان کە لە ئەنجوومەنی وەزیران وەرمانگرتووە، نووسراوەکان لە بەردەستی سەرۆکی حکومەتە و داواکارییەکانمانی رەتنەکردووەتەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکەن."
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ رۆژی یەکشەممەی 17ـی ئەم مانگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەن کۆبوونەتەوە و داواکارییەکانیان بەئەوان گەیاندووە.
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، "سەرۆکی دیوان پێیگوتین داواکارییەکانتان دەگەیێنمە سەرۆکی حکومەت و دەیبەمە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و هەوڵی چارەکردنی کێشەکانتان دەدەین."
لە مانگی حوزەیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی و پەروەردە درا بۆ ئەوەی وردبینی لەبارەی ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ بکەن. لیژنەکە لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەت پێکهات و دواتر ئەنجامی وردبینییەکانیان بە نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردەوە.
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ، وەزارەتی دارایی و پەروەردەی هەرێمی کودستان لە نووسراوەکەیان بۆ ئەنجوومەنی وەزران داوایان کردووە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، کە بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئەوان ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ 36 هەزار و 542 کەسن و زیاتر لە چوار ملیار دیناری دیکە پێویستە بۆ ئەوەی هەموو مامۆستایان بکرێنە گرێبەست.
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، "بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 مامۆستایانی وانەبێژی سنووری سلێمانی، گەرمیان و راپەرین بایکۆتی دەوامیان کردووە و گردبوونەوە دەکەن."
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار و 542 مامۆستایە. مووچەی وانەبێژان لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە؛ کۆی پارەی مووچەی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی هەموویان بکرێن بە گرێبەست زیاتر لە چوار ملیار دیناری دیکە پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ