کۆمیسیۆنی عێراق: نزیکەی 300 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە

20-09-2023
نازەنین گۆران
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و تائێستا نزیکەی 300 هەزار کەسیش تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 20-09-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق میوانی نووڕۆژی رووداو بوو کە زانا کایانی و نالین حەسەن پێشکێشیان کرد، لەبارەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن گفتوگۆیان کرد. 
 
بەپێی ئەو وادەیەی کە کۆمیسیۆنی عێراق دیاریکردووە، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان؛ لەبارەی درێژکردنەوەی ئەو وادەیەش گوتەبێژی کۆمیسیۆنى سەربەخۆى عێراق دەڵێت، "لە کۆمیسیۆن پێشنیازی درێژکردنەوە نەبووە و درێژناکرێتەوە، بۆیە تاوەکو کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران."
 
لە 13ـی 7ـەوە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکرد کە سەرەتا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو دواتر درێژکرایەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. جومانە غەلای دەڵێت، "تاوەکو نزیکەی 300 هەزار کەس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە و ژمارەی دەنگدەرانیش زیاتر لە سێ ملیۆنە."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق گوتی، "کۆمیسیۆن خشتەیەکی سەرەتایی وەکو پلانی کارکردن بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردووە، بەڵام ئەوە سەرەتاییە تاوەکو ئەو کاتەی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پەسند دەکرێت، بۆیە ئەو خشتەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت." 
 
لەبارەی تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، جومانە غەلای گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئەو بابەتە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری لەبارەوە دەدات تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەوبارەوە نەداوە."
 
رۆژی سێشەممە 19-09-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوی گوت، "لە 13ـی 7ـەوە تاوەکو ئێستا لە هەولێر 120 هەزار و 791، لە سلێمانی 115 هەزار و 824 و لە پارێزگای دهۆک 53 هەزار و 619 کەس کارتی بایۆمەتریان دەرکردووە کە بەکۆی گشتی دەکاتە 290 هەزار و 234 کەس."
 
رۆژی 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. 
 
بڕیارە ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.