رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە لە دوو رووداوی هاتۆچوودا لە پارێزگای لۆرستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک گیانی لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوی یەکەم لە سەر رێگەی فیرۆزئاوا-خورەمئاوا روویداوە و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ 405 لە دوو ئەسپی داوە، رووداوی دووەمیش لە سەر رێگەی خورەمئاوا-ئەراک و نزیکی شاری بروجێردی لۆرستان بووە و پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕاوە.
شەهاب ساڵحی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شاری سلسلەی لۆرستان رایگەیاند، ئەمرۆ ئاگادار کراینەوە کە رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک گوندی تەیموورسۆر لەسەر رێگەی فیرۆزئاوا-خورەمئاوا روویداوە، دەستبەجێ تیمێکی فریاکەوتنمان لەگەڵ ئامبۆلانسێک ناردە شوێنی رووداوەکە.
بە گوتەی شەهاب ساڵحی، لە رووداوەکەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش بریندار بووە، دوای چارەسەری سەرەتایی لە شوێنی رووداوەکە، بریندارەکە گوێزرایەوە نەخۆشخانەی خومەینی شاری سلسلە و ئێستا تەندروستیی جێگیرە.
سەبارەت بە رووداوەکەی دیکەش، موحسین ئادینەوەند، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی فریاکەوتنی لۆرستان ئەمڕۆ رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاسێکی نەفەرهەڵگر کە 25 کەسی هەڵگرتبوو لە سەر رێگەی جووتسایدی خورەمئاوا-ئەراک و لە نزیک شاری بروجێرد وەرگەڕا و نۆ کەس بریندار بوون.
موحسین ئادینەوەند گوتی، دوای ئاگادارکردنەوەیان دوو ئامبولانس و تیمی فریاکەوتنیان ناردە شوێنی رووداوەکە و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، بریندارەکان گوێزرانەوە نەخۆشخانەی چەمرانی شاری بروجێرد.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی لۆرستانیش سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە دەڵێت، پاسەکە بە هۆی کەمتەرخەمیی شۆفێرەکەوە لە رێگەی سەرەکیی دەرچووە و دوای نزیکەی 100 مەتر لە ناو زەوییەکی کشتوکاڵی وەرگەڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ