رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "هیچ هێزێکی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی عەتا دارتاش نەچووەتە سەر ماڵەکەی، بەڵكو ئەمڕۆ خۆی سەردانی بنکەی پۆلیسی سەرچناری کردووە و دادوەر بە مادەی 433ـی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری راگرتنی داوە."
رۆژی یەکشەممە، 20-08-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەلا هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، سکاڵای لەسەر عەتا دارتاش تۆمارکردبوو بەگوێرەی مادەی 433ـی یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی ناوزڕاندن، بۆیە لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندی پێوەکراوە کە لە دەرفەتێکدا سەردانی بنکەیەکی پۆلیس بکات بۆ ئەوەی گوتەی لێوەربگیرێت، بەو مەبەستە ئەمڕۆ سەردانی بنکەی پۆلیسی سەرچناری کردووە و گوتەی خۆی داوە."
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، هیچ هێزێک نەچووەتە سەر ماڵی عەتا دارتاش و دەشڵێت، "هەورامان گەچێنەیی باسی لەوەکردووە عەتا دارتاش لەرێگەی کۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە ناوی زڕاندووە، ئەگەر قەرزاریش بێت، پێویست ناکات لەرێگەی راگەیاندنەکانەوە باسی بکات، عەتا دارتاشیش دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیراوە دادوەر بڕیاری راگرتنی داوە و رەنگە سبەی بە کەفالەت ئازادبکرێت، چونکە ئەو راگرتنە ئاساییە و بۆ بەدواداچوونە."
مادەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت، "سزادەدرێت بە زیندانیکردن یان پێبژاردن یان بە یەکێک لەو دوو سزایە، هەر کەسێک بوختان بە کەسێکی دیکە بکات. ئەگەر بوختانکردن لەرێگەی رۆژنامە یان چاپکراوەکان یان بە یەکێک لە رێگەکانی تری راگەیاندن روویدا ئەمە بە باردۆخی توند دادەنرێت."
رۆژی 06-07-2023 کەسێک بەناوی عەتا دارتاش لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەری بە بردنی بڕی 25 دەفتەر دۆلار لە کارێکدا کە پێکەوە کردوویانە، تۆمەتبارکرد و گوتی،" ساڵێک و سێ مانگە ئەو بابەتە لە دادگەیە و نازانم بۆچی ئاگادار ناکرێینەوە."
عەتا دارتاش گوتیشی، "کاک محەممەد حەکیم، [گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری] هەموو بابەتەکە دەزانێت و پێی گوتم کە با عەیبدار نەبین و پارەکەت بۆ دەهێنمەوە. مامۆستا هەورامانیش گوتی پارەکەت نادەمەوە و چیت دەوێت بیکە."
بەڵام هەمان رۆژ پەرلەمانتارەکەی پێشووی کۆمەڵ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا گوتی، ئەگەر ئەو هاووڵاتییە "بە شەرعی خودا و لە دادگە و بەپێی یاسا بە بەڵگە سەلماندی ماف و پارەیەکی لای منە، ئەوە ئامادەم بۆی بگەڕێنمەوە، بەڵام سەرلەبەری قسەی ئەو کەسە هەمووی بوختان و تەشهیرە و سەرەتا دەیدەمە دەستی خودای گەورە. دووەم، من لە سەفەرم لە دەرەوەی وڵات. لە دادگە سکاڵای لەسەر دەکەم لەسەر ئەو تەشهیر و بوختانانەی کردوویەتی و با لەبەردەم دادگە بیسەلمێنیت کە پارە و مافی لای منە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ