لە 24 کاژێردا چوار کەس لە رووبار و دەریاچەکانی باکووری کوردستاندا خنکاون

20-06-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگاکانی مەڵەتی، وان، رووها و مەرەش ـی باکووری کوردستان، لە ماوەی 24 کاژێردا چوار کەس لە نێو رووبار و دەریاچەکاندا خنکاون، کە دووانیان منداڵن.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی حوزەیران لە شارۆچکەی مەستیکانی خوارووی سەر بە پارێزگای مەڵەتی منداڵێكی تەمەن 11 ساڵ بە ناوی "محەممەد مستەفا کیراز" لە کاتی مەلەکردن لە دەریاچەی بەنداوی کاراکایا، نقووم بوو. تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
 
محەممەد مستەفا کیراز لە ئاوەکە دەرهێنرا و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شارۆچكەی مەستیکانی خواروو. سەرەڕای  هەوڵی پزیشکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان بنەماڵەی کیراز وەک کرێکاری وەرزیی کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگای رووها چوونەتە مەلەتی.
 
لە باکووری کوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، خەڵک بۆ مەلەکردن روو لە رووبار و دەریاچە و بەنداوەکان دەکەن.
 
لە شارۆچكەی میکس سەربە پارێزگای وان، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ بە ناوی محەممەد عەلی چاپوور سێ رۆژ لەمەوبەر ونبوو. دوای گەڕان و پشکنینەکان، رۆژی چوارشەممە 19ـی حوزەیران تەرمەکەی لە رووباری میکس دۆزرایەوە.
 
هەروەها لە شارۆچکەی بیراجکی سەر بە پارێزگای رووهاش گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی فاتح ئشک، لە کاتی مەلەکردندا لە رووباری فورات لەگەڵ شەپۆلی ئاوەکەدا بێسەروشوێن بوو. دوای کاژێرێک تەرمەکەی دەرهێندراو گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە بیراجک.
 
هەمان رۆژ گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی مەندەرەس ساریپنار لە شارۆچكەی "ئۆنئیکی شوبات" لە پارێزگای مەڕەش، کە لەگەڵ چەند ئەندامێکی خێزانەکەی بۆ خۆ فێنککردنەوە چوونە دەریاچەی بەنداوی شارۆچکەکەیان. دواتر لەناو ئاوەکەدا دیارنەما.
 
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی جەندرمە و تەندروستی و ئافاد چوونە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە گەڕان کرد. دوای نزیکەی سێ کاژێر تەرمی ئەو گەنجە دۆزرایەوە و بە مەبەستی پشکنینی رەوانەی دادپزیشکیی شاری مەرەش کرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی لەبارەی دواکەوتنی مووچەیان

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست: دەبێت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچەمان دابەش بکرێت

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ''دەبێت وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی روونکردنەوە بدەن کە بۆچی ئەمڕۆ مووچەمان دابەشنەکرا؟''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''نابێت دابەشکردنی مووچەمان یەک کاژێر لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دوابکەوێت.''