رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، کاژێر 11:00ـی دوێنێ شەو ئاگرەکەی شارباژێر بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە و بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش بێت ئاگرەکە سنووری 15 گوندی گرتووەتەوە و زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەویش زیانی پێگەیشتووە.
رۆژی سێشەممە، 20-06-2023 عەمید هێمن كەمەرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەش تیمەکانمان لە شوێنێ ئاگرەکە مابوونەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر لە شوێنێکی دیکە دووبارە ئاگر کەوتەوە بتوانرێت لە کاتی خۆیدا کۆنترۆڵ بکرێت."
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکە عەمید هێمن كەمەرخان ئەفەندی، گوتی بەهۆی ئاگرەکە سنووری 15 گوند سووتاوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش زیاتر لە دوو هەزار زەویی پوش و پاوان، رەز و باخ، گەنم و جۆ و داری سوروشتی زیانیان پێگەیشتووە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە، بەڵام عەمید هێمن كەمەرخان ئەفەندی گوتی: "لەسەر رووداوەکە چەند کەسێک دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین کەسی سەرپێچیکار کێیە."
ئاگرەكە کاژێر 12:00ـی نیوەرۆی رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەپشت قەزای چوارتا كەوتووەتەوە، بەڵام دواتر تەشەنەی کردووە بۆ دەورووبەری گوندەكانی بانان، كەناروێ، سێونگ، كانی شوان، پیرێسك، نۆرەباب.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێت هۆکارەکەی لە دەستی هاووڵاتی کەوتبێتەوە، ئیتر ئایا فڕێدانی جگەرەی نەکوژاوە بێت یان کێڵگەکانی پێش ماڵی خۆیان پاککردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئاگرەکە، بەڵام ئەوە گومانە و لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ