رووداو دیجیتاڵ
وادەی وەرگرتنی سیڤیی بەربژێران بۆ پۆستی قایمقامی شنگال تەواو بوو و 10 کەس سیڤی خۆی ناردووە، لیژنەیەک وردبینیی لە سیڤییەکان دەکات و سێ لە سیڤییەکان دەداتە ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ ئەوەى بە دەنگدان یەکێکیان دیاری بکرێت.
رۆژی 14ى ئایار دوا وادە بوو بۆ پێشێکشکردنى ناوى بەربژێرانى پۆستى قایمقامى شنگال. مەحموود خەلەف، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و ئەندامى لێژنەى وەرگرتنى سیڤییەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سیڤیی ئەو 10 کەسە لەلایەن لێژنەکەیانەوە وردبینى تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەى شیاویان بۆ ئەو بەربژێرییە بزاندرێت."
هەشت مەرج دانراون بۆ بەربژێرى ئەو پۆستە، دیارترینیان ئەوەیە ئەندامى هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان نەبێت، بە تاوانی نامووس تاوانبار نەبێت، رێوشوێنەکانى ریشەکێشکردنى بەعس نەیگرێتەوە و خەڵکى قەزاى شنگال بێت.
مەحموود خەڵەف گوتى: "عەرەب و کوردی ئێزدى لە نێو بەربژێراندان، سێ بەربژێر دیاری دەکرێت بۆ ئەوەى لە ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگیان لەسەر بدرێت و یەکێکیان ببێتە قایمقام".
لە ئۆکتۆبەری 2017ـەوە پۆستى قایمقامى شنگال چۆڵە دانانى کەسێک بۆ ئەو بەرپرسیارێتیە خاڵێکى رێککەوتنى شنگالە کە ساڵى 2020 لە نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان واژۆ کرا بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکە.
ئەیاد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەم خولەدا پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن هەموار کراوە، بەشێوەیەک دەتواندرێت تەنیا سێ بۆ پێنج بەربژێر بۆ پۆستی یەکە کارگێڕیەکان رەوانەى ئەنجووومەنى پارێزگا بکرێت بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.
تاوەکو ئێستا رۆژى دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگا دیاری نەکراوە بۆ ئەوەى دەنگ لەسەر پۆستى قایقامى شنگال بدرێت، هەردوو ئەندامەکەى ئەنجوومەن گوتیان ئەو پرسە بەر لە دەنگدان "پێویستى بە سازانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ