د.عومەر نەقشبەندی: محەممەد عەلی کلای بەنیاز بوو سەردانی کوردستان بکات

20-04-2022
پەسار فایەق
د. عومەر نەقشبەندی، هاوڕێی محەممەد عەلی کلای
د. عومەر نەقشبەندی، هاوڕێی محەممەد عەلی کلای
نیشانەکردن محەممەد عەلی کلای د. عومەر نەقشبەندی پاشیڤ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

د.عومەر نەقشبەندی کە لە ئەمریکا ژیاوە و هاوڕێ محەممەد عەلی کلای، یاریزانی بۆکسێنی ئەمریکی و جیهانی بووە، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پاشیڤ، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو یاریزانە نیازی هەبوو سەردانی کوردستان بکات و پشتگیری لە دۆزی کورد بکات، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی ئەو گەشتە ئەنجام بدات.
 
د.عومەر نەقشبەندی کوڕی شێخ محەممەد مەعسوم نەقشبەندییە کە لە ئەمریکا ژیاوە و بە کاروباری تەریقەتەوە سەرقاڵبووە، موریدانی تەریقەتی نەقشبەندی لە کورد، عەرەب، ئەمریکی، هیندی و پاکستانی سەردانیان کردووە.  
 
د.عومەر نەقشبەندی لە میناەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی رووداو بەشداربوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە 1994 لە یادکردنەوەی دامەزراوەی نەقشبەندی بۆ یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد عەلی کلای، لەگەڵ باوکی یاریزانی بۆکسێنیان ناسی کە بۆ ئەو بۆنەیە بانگهێشتکرابوو.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، باوکی باسی کوردی بۆ محەممەد عەلی کلای کردبوو و کلای خۆی کەسێکی عیرفانی بوو، بۆیە کاتێک بووەتە ئیسلام، ئامادە نەبووە وەک سەربازێک بەشداری لە جەنگی ئەمریکا - ڤێتنام بکات و شەڕ بکات، ئەو زیاتر پرسیاری عیرفان و تەسەوفی هەبوو. 
 
روونیشیکردەوە، کلای لە باوکی پرسیوە چۆن تەسوف ببینێت، ئەویش قسەیەکی شێخ ئەبولسەعیدی ئەبولخەیر بۆ گێڕاوەتەوە کە دەڵێت، هەر شتێکی خراپ لەسەرتدا هەیە دەریبێنە، لە جێگەی ئەوە شتی جوان دابنێ، هەرچی هەتە لە زانست و سامانە، هەمووی بۆ ئەو رێگە پاکە ببەخشە، ئەگەر لەو رێگەیە ناخۆشی و سەختیت بینی، پاشەکشە مەکە، کلای بەڕاستی ئەو کارەی کردووە لە هەموو شتێک دوورکەتووەوە و بە سامانی خزمەتی رێبازی ئیسلامی کردووە، بەهۆی ئەوەوە تووشی زیندان بوو و وەک وەرزشڤانێک زیانی زۆری پێگەیشت.
 
لەبارەی ئەوەی محەممەد عەلی کلای سەر بە تەریقەتی نەقشبەندی بووە، د. عومەر نەقشبەندی، روونیکردەوە "ناتوانم بڵێم ئەو راشکاوانە گوتوویەتی سەر بە تەریقەتی نەقشبەندییە، بەڵام زۆر چێژی لەوە دەبینی لەگەڵ خەڵکی تەریقەت و تەسەوف بێت، حەزی دەکرد باسی عیرفانی بۆ بکرێت".
 
هەروەها گوتی، ئەگەر ئەو نەخۆشییە محەممەد عەلی نەبووایە کە بەهۆیەوە نەیدەتوانی گەشت بکات، هێندە پەیوەندی لەگەڵ کورد دروستکردبوو کە ئارزوو بکات سەردانی کوردستان بکات، ئەو حەزی دەکرد سەردانی ئەو وڵاتانە بکات کە تووشی ناخۆشی و سەختی هاتوون و سۆزێکی تایبەتی بۆ هەموو ئەو میللەتانە هەبوو، هەستێکی زۆر تایبەتی بۆ دۆزی کورد هەبوو و حەزی دەکرد سەردانی بکات و پشتیوانی خۆی بۆ دۆزی کورد بە فەرمی رابگەیێنێت.
 
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
 
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە