سەرۆک بارزانی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا: پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی نەکردووە

20-03-2024
کۆشش بێستانسووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد و رایگەیاند، "پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە" و "دەستی نامۆ و دەرەکی خرانە ناو هەڵبژاردن."
 
رۆژی چوارشەممە 20ی ئاداری 2024 لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق كرد و جگە لە پیرۆزبایی نەورۆز تاوتوێی چەند بابەتێکی پەیوەست بە هەڵبژاردن و بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردن کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمریکا وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دوا پێشهاتەكان، "نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان دەربڕی و داواشی كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی دیکە پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بكەن."
 
سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات کردووەتەوە، "پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە، كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی ئەوەی خستووەتەڕوو، "رێككەوتنێكی روون و هەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت هەیە، كە بەداخەوە هیچ یەك لە خاڵە گرنگەكانی ئەو رێككەوتننامەیە جێبەجێ نەكراوە. رێككەوتنەكە لەپێناو ئەوە بوو كە سەقامگیری بێتەدی و خەڵك بگاتە خوشگوزەرانی و بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام هیچ یەك لەمانە نەكران." جەختیشی لەوە کردووەتەوە، لە راوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان.
 
لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە هۆكارەكانی دەرچوونی بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان روونکردەوە، "هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە و خۆی لە ساڵی 1991 داوای كردووە كە پێویستە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێت."
 
وەکو سەرۆک بارزانی دەڵێت، "پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە، ترسی لە هەڵبژاردن نییە، بەڵكو تێبینیی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسیی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداریی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە."
 
هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە بیانووی جۆراوجۆر، دوو ساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەها و پێگەی هەرێمی کوردستانیان كەم كردەوە. بە شێوەیەکی نادەستوری و نایاسایی بڕیار و یاساکانی هەرێمی کوردستانیان گۆڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.