بافڵ تاڵەبانی: پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە خەڵک بکات

20-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە گەلەکەمان و خەڵکە خۆڕاگرەکەمان بکات."
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا "پەرۆشی" حیزبەکەیان بۆ "گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان" دەردەبڕێت.  
 
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20-3-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی کرد "لەدوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران." 
 
لە وەڵامی مەسرور بارزانیدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین؛ داواکاری کەسیمان نەبووە و نییە، بەڵکو داواکاری و بەرگریکردن بووە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان... بە بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە، ئامادەی هەموو ھاوکاری و هەنگاوێکی پێویستین." 
 
وەک بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "ئێستا و هەموو کاتێک ئامادەی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانەین و لە بەرامبەر ئەم ئەرکە نەتەوەیی و مێژووییەی لەسەر شانمانە بەرپرسیار دەبین." 
 
سەرۆکی یەکێتی باس لەوەش دەکات، "باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکگرتوویی هەیە، چونکە تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین و داهاتوویەکی پرشنگدار بونیادبنێین."
 
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
 
هاونیشتمانیانی خۆشەویست لە سەرتاسەری کوردستان
 
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم رۆژانی جەژن لە دڵخۆشی و کامەرانیدا بەسەربەرن.
 
هیوادارم جەژنی نەورۆز ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان و هەوێنێک بێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و تەبایی لەنێوانماندا. هەموومان بە رۆحێکی کوردانە و لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی کوردستاندا کاربکەین و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین.
 
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی و بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا، رایدەگەیەنین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان. پێشوازی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە خزمەت بە گەلەکەمان و خەڵکە خۆڕاگرەکەمان بکات. ئێستا و هەمووکاتێک ئامادەی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانەین و لە بەرامبەر ئەم ئەرکە نەتەوەیی و مێژووییەی لەسەر شانمانە بەرپرسیار دەبین.
 
باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکگرتوویی هەیە، چونکە تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین و داهاتوویەکی پرشنگدار بونیادبنێین.
 
ئەمڕۆش کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رزگارکردن و راپەڕینی کەرکووکی خۆشەویستمان، بە دڵ پیرۆزبایی لە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان دەکەم و دڵنیایان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە دەبێت بۆ هەمیشە لەگەڵیان دەمێنێتەوە و بە خوێنی خۆمان قودسی کوردستان دەپارێزین.
 
دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و سەرفرازبن
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.