رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وان، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی و 24 رێکخراوی مەدەنی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "21ـی شوبات رۆژی زمانی دایک" بۆ زمانی کوردی رێپێوانیان کرد.
رێپێوانەکە رۆژی دووشەممە، 19ـی شوباتی 2024، لە ناوەندی شاری وان لە بەردەم ناوەندی کاری ئایدن پەریهان بەرەو باڵەخانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی زمان و فەرهەنگ و هونەر دەستیپێکرد.
ئەو جەماوەرە کە بۆ زمانی کوردی رێپێوانیان کرد، دروشم و لافیتەی "با زمانی کوردی زمانی فەرمی و پەروەردە بێت"، "کورد، کوردی، کوردستان" و "زمانەکەمان شەرەفمانە"ـیان بەرزکردەوە.
رێپێوانەکە لە بەردەم با ناوەندی لێکۆڵینەوەی زمان و فەرهەنگ و هونەر "ئارسیسا" کۆتاییهات و لەوێ راگەیێندراوێک بۆ میدیاکان خوێندرایەوە.
هەڤاڵ دڵبەهار، هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی زمان و رۆشنبیری دەم پارتی گوتی، "یەکێک لەو زمانانەی کە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، زمانی کوردیی دەیان ملیۆن کوردە. بەبێ زمانی کوردی، کورد و کوردستان ناتوانن بوونیان هەبێت. کورد و کوردی و کوردستان یەک پارچەن و ناتوانرێت جیابکرێنەوە. یەکێکیان بەبێ ئەوەی دیکە بوونی نییە. ئازادیی زمانی کوردی ئازادی کورد و کوردستانە."
هەڤاڵ دڵبەهار دەڵێ، حکومەتی تورکیا دەیەوێت بە گوشار و بەربەست و گەمارۆ، زمانی کوردی لە نێو ببات. ئاماژەی بەوەشدا، زمانی کوردی پێویستە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کورد تێیدا دەژین پێگەیەکی هەبێت و لە هەموو قۆناخەکاندا زمانی پەروەردە بێت.
لە لایەکی دیکەوە شارەوانیی وان کە لەلایەن قەیومەوە بەڕێوەدەبرێت، رێگەی نەدا پۆستەر و لافیتەی کوردی هەڵبواسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ