رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئەم مانگە، دوایین وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ نیڤشکانان.
ئەمڕۆ سێشەممە، سامان حوسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژمارەی ئەو یەکانەی بۆ نیڤشکانان دابینکراوە 240 یەکەیە و تائێستا سێ هەزار و 830 کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە.
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، دوو ساڵە هەوڵدەدەن لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ نیڤشکانان دابین بکەن. دەشڵێت، "هەفتەی داهاتوو دەست بە ناو جیاکردنەوە دەکەین و بە ئامادەبوونی راگەیاندنەکان لە تیروپشک ناوی ئەو کەسانە رادەگەیێنین کە بۆیان دەردەچێت".
لقی سلێمانی یەکێتیی کەمئەندامان پێنج هەزار ئەندامی هەیە. سامان حوسێن دەڵێت، "رووبەری یەکەکان 141 مەترە و بە دوو قۆناخ پارەکە دەدرێت کە پشكی 5,000 دۆلار دەدەیت و کلیل وەردەگری، دواتر دەبێتە قیستی مانگانە کە 150 هەزار دینارە و لە قۆناخی کۆتاییش پێنج هەزار دۆلاری دیکە دەدەن".
بەگوێرەی ئەو مەرجانەی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان دیاریکردووە، دەبێت ئەندامی یەکێتییەکە بێت، تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵ بێت، دانیشتووی سلێمانی بێت، لە خانووی کرێدا بێت و پێشتر سوودمەند نەبووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ