رووداو دیجیتاڵ
لە بۆکان کەسێک بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر کچێکی شەش ساڵان دەستگیرکرا. کچەکە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکە گیانی لەدەست دابوو.
گیانلەدەستدانی کچێکی شەش ساڵانی خەڵکی بۆکان بە ناوی نیان چەلەبیانی بەهۆی دەستدرێژیکردنەسەری، دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
سەرەتا بڵاوکرایەوە، نیان لەلایەن باوک و زڕدایکییەوە ئازارداوە، بەڵام رۆژی دووشەممە 20-01-2025 ناسر عەتەباتی، بەڕێوەبەری گشتیی دادی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "تۆمەتباری سەرەکیی ئازاردانی سێکسی ئەو کچە برای ژنێکە، کە لەگەڵ باوکی نیان پەیوەندی هەبووە."
بەڕێوەبەری گشتیی دادی پارێزگای ورمێ دەڵێت، "ژنەکە هاوژینی باوکی نیان نییە و پەیوەندیی دەرەوەی چوارچێوەی خێزانیان پێکەوە هەبووە. برای ئەو ژنە کەڵکی لە پەیوەندی خوشکەکەی لەگەڵ باوکی نیان وەرگرتووە و چووەتە ماڵیان، لەوێ دەستدرێژی کردووەتە سەر ئەو کچە شەش ساڵانەیە."
دایکی نیان زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و نیانی شەش ساڵان لەگەڵ باوکی لە گەڕەکی مەجبوراوای بۆکان ژیاوە.
شەوی پێنجشەممە 16-01-2025 باوکی و ئەو ژنەی "پەیوەندی لەگەڵیدا" هەبووە دەیگەیێننە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان. پزیشکی ئێشکگر و پەرستارانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان ئاسەواری دەستدرێژی سێکسی و هەروەها ئازاردان و سووتاندن لەسەر جەستەی ئەو کچە دەبینن، بۆیە پاسەوانانی نەخۆشخانە ئاگادار دەکەنەوە و هەر لەوێ باوکی دەستبەسەر دەکرێت. نیان رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ دەکرێت، بەڵام دوانیوەڕۆی هەینی بەهۆی سەختی برینەکەی گیان لەدەستدەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بۆکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، "ئەو کەسەی دەستدرێژی کردووەتە سەر نیان کوڕێکی 19 ساڵانی خەڵکی سەقزە. ئەو کوڕە لە رێگەی خوشکەکەیەوە هاتووچۆی ماڵی باوکی نیانی کردووە و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەداناوە دەستدرێژی کردووەتەسەر نیان." دەشڵێت، "لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردا ئەو کارەی کردووە."
جگە لەو کوڕە، باوکی نیان و ئەو ژنەی پەیوەندی لەگەڵدا هەبووە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون و ئەفسەری لێکۆڵینەوەی پۆلیسی بۆکان رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دۆسیەکەیان بەزوویی تەواو دەکرێت و دەدرێتە دادگە بۆ ئەوەی سزا بدرێن. داواکاری گشتیی بۆکانیش رایگەیاند، داوای سزای لەسێدارەدان دەکەن بۆ ئەو کەسەی دەستدرێژی کردووەتەسەر نیان چەلەبیانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ