رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانی رایگەیاند، هیچ مامۆستایەک دەستگیرنەکراوە، تەنیا ژمارەیەک مامۆستا بانگهێشتکراون و بە بڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە راگیران.
رۆژی شەممە، 20-01-2024، سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان - سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو مامۆستایانەی راگیراون ژمارەیان نزیکەی 10 بۆ 12 کەسە و بە گوێرەی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەبڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ئاسایش راگیران."
ئەو بەرپرسەی ئاسایشی سلێمانی رەتیدەکاتەوە هیچ یەکێک لەو مامۆستایانە دەستگیرکرابن و دەڵێت، سەرەتا بانگهێشتکران و خۆیان هاتنە ئاسایش و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە و هەموویان گەڕێندرانەوە و ئێستا کەسیان لە ئاسایش نەماون.
لەبارەی هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو مامۆستایانە، سەلام عەبدولخالق گوتی، "ئەو مامۆستانە غیاباتیان زۆر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن بووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەو مامۆستایانە دروست نەکەن کە بایکۆتیان کردووە و نەبنە هاندان بۆ بایکۆتکردنی مامۆستایانی دیکە و داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن."
لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان - سلێمانی گوتیشی، "ئەو مامۆستایانەی راگیراون زۆربەیان لە سنووری شاری سلێمانین."
هەر ئەمڕۆ لەوبارەوە، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەکاژێر 10:00ـی بەیانییەوە نزیک 20 مامۆستا لە نوێنەرانی وانەبێژ و مامۆستایانی دامەزراو لەسەر داوای ئاسایش چوونەتە ئەوێ و تاوەکو ئێستا کاژێر (16:30) نەگەڕاونەتەوە."
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان دڵنیانین لەوەی مامۆستاکان دەستگیرکرابن، بەڵام تاوەکو ئێستا راگیراون و رێگە نەدراوە بگەڕێنەوە.
هەر ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە چەند شارێکی دیکەی دیکەی سنووری پارێزگای سلێمانی بانگی ئاسایش کرابوون، یەکێک لەو مامۆستایانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئاسایش پێیانگوتین نابێت لێدوانی تووند بدەن و خۆپێشاندانی بێمۆڵەت بکەن."
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی لە 13 پەروەردەی سنووری سلێمانی خۆپێشاندانی ناڕەزایی مامۆستایان بەڕێوەبچێت.
زیاتر لە چوار مانگ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی 2023-2024، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ