رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییانی ناوچە جێناکۆکەکان لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بە "گڕوتینەوە" بەشدارییان لە دەنگداندا کرد بۆ سەرخستی لایەنە کوردستانییەکان و بەرزکردنەوەی دەنگی کورد لەو ناوچانە، ئێستا کە هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە ئەوان دەڵێن، کاری خۆیان کردووە و ئێستا کاتی ئەوەیە خزمەت بکرێن.
رائید شەوقی خەڵکی خانەقینە لەگەڵ خێزانەکەی 93 کەسیان رۆیشتبوون بۆ دەنگدان، دەنگیان بە بەربژێرەکانی کورد و لایەنە کوردستانییەکان داوە، دەڵێت، "ئەوەی لەسەرمان بوو جێبەجێمان کرد، ئێستا کاتی ئەوەیە خزمەت بە شارەکەمان بکرێت."
هەروەها رائید شەوقی، گوتی، "ئەوان داوایان لە ئێمە کرد بڕۆین دەنگ بدەین و بڕۆینە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەو شتانەی ئێمەش داوای دەکەین کە حەڵاڵی خۆیەتی، بۆنموونە بابەتی مووچە، بابەتی دامەزراندن، واتە 1700 خێزان بێکارن لە خانەقین ئەوە سەیری رێژەی حەب خواردن و مەواد و ئەو شتانە بکەن هەموو لە کوێ دێت؟ هەمووی لە بێکارییەوە سەرهەڵدەدات."
رێژەی بەشداری لە دەنگدانی رۆژی دووشەممە، لە خانەقین %50 بوو، هەرچەندە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە لە پارێزگای دیالە رێژەکە لە خانەقین بەرزترین بوو، بەڵام تائێستا نیوەی دەنگدەران بە هۆکاری جیاواز لە ماڵەوە مانەوە و پشتیان لە هەڵبژاردن کرد.
کەنعان فەرحان، دووکاندارە لە قەزای خانەقین، باس لەوە دەکات کە رۆیشتووە بۆ دەنگدان چاوەڕێی خزمەتگوزاری لە شارەکە و دامەزراندن دەکات.
حەسەن خالید، هاونیشتمانییەکی دیکەیە لە شارەکە دەڵێت، "وەڵاهی دامەزراندن نییە خزمەتگوزاری نییە لەبەرئەوە خەڵک نەچووە بێزار بووە و کەس دەنگی نەدا."
لە هەڵبژاردنی یەکەم خولی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە کۆی 30 کورسی، لایەنە کوردستانییەکان خاوەنی 6 کورسی بوون، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 کورسییەکانی کورد کەم بوونەوە بۆ 3 کورسی. بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵ، ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کەم کرایەوە بۆ 15 کورسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ