رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری دووکاندارانی پڕۆژەی فامیلی گاردن کە لە 22ـی مانگی رابردووەوە پڕۆژەکەیان داخراوە دەڵێت: "تاوەکو پێنجشەممە کێشەکانمان چارەسەرنەکرێت، دووکانەکان دەسوتێنین." خاوەنی پڕۆژەی ئەکوا پارکیش دەڵێت، "بەهۆی بارودۆخی دارایم نەمتوانی کرێ ساڵانە بدەم." سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، "هەوڵێک هەیە تاوەکو سەری ساڵ پرۆژەکە بکرێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، هاورێ خەسرەو، نوێنەری دووکاندارانی پڕۆژەی فامیلی گاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو رۆژە راگەیێندراوێکمان بڵاوکردووەتەوە کە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە کێشەکانمان چارەسەرنەکرێت دووکانەکانمان دەسوتێنین، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک قسەی لەگەڵمان نەکردووە. پەیوەندیمان بە پارێزگا و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرەوە کردووە و دەڵێن، کێشەکە بە یاساکراوە و دراوەتە دادگە و دەبێت ئەوان یەکلایبکەنەوە."
پڕۆژەی ئەکوا پارک لە هەولێر لە چوار بەش پێکدێت ئەوانیش؛ تێنس، بۆڵینک، مەلەوانگە و فامیلی گاردن. ئەکواپارک چوار ساڵە کار دەکات، بەڵام فامیلی گاردن کە بەشێکە لە ئەکواپارک 22ـی تەممووزی ئەم ساڵ کرایەوە و لە 22ـی مانگی رابردوو بەهۆی پێنەدانی کرێی ساڵانە لەلایەن خاوەنی ئەکواپارکەوە هەرچوار بەشی ئەو پڕۆژەیە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە داخراوە.
هاورێ خەسرەو دەڵێت: "خاوەنی پڕۆژەی ئەکوا پارک لەگەڵ پارێزگاری هەولێر گرێبەستیان کردووە کە هەموو ساڵێک دەبێت لە 1ـی تشرینی یەکەم 306 ملیۆن دینار وەک کرێ ساڵانە بدەن، بەڵام لەبەرئەوەی کرێیەکەی نەداوە پڕۆژەکە بەگشتی داخراوە و فامیلی گاردنیش کە بەشێکە لەو پڕۆژەیە داخراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە خاوەنی پڕۆژەکە چوار جار لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە ئاگادارکراوەتەوە، کە کرێی ساڵانە بدات."
ئێستا پڕۆژەی ئەکواپارک لەلایەن وەبەرهێنەرێک بە ناوی ئەبوبەکر ئۆمەر ئەبوبەکرەوە بەڕێوەدەبرێت. فامیلی گاردنیش کە بەشێکە لە ئەکوا پارک 50٪ـی لەلایەن هەمان کەس و 50٪ـی دیکە لەلایەن وەبەرهێنەرێکی دیکەوە بە ناوی سەردار ئازادەوە بەڕێوەدەبڕێت.
نوێنەری دووکاندارانی پڕۆژەی فامیلی گاردن دەڵێت: "سەردار پارەی چوار مانگی پێشەکی لێ وەرگرتووین بە بیانووی پێدانی کرێی ساڵانە، بەڵام پارەکەشیان نەداوە. ئەگەر کرێی چوار مانگەکەیان نەبردبا ئەوە باشتربوو، بەڵام بەمشێوەیە ئێمە لە زەرەرێکی گەورەین 21 دووکان کرێی داوە، کە بە هەموومان نزیکەی 120 هەزار دۆلارمان داوە و ئێستاش بەلایەنی کەمەوە 130 خێزان بێ کاربوون."
"خاوەنی ئەکوا پارک خۆی لە پێدانی کرێ ساڵانە قووتار دەکات"
سەردار ئازاد، کە خاوەنی 50٪ـی پڕۆژەی فامیلی گاردنە کە بەشێکە لە ئەکوا پارک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوبەشەکەم بەرپرسی پێدانی کرێی ساڵانەیە و سکاڵای کردووە و دەیەوێت خۆی لە کرێیەکە قوتار بکات. ئێستاش کێشەکە ئەوەیە نایەوێت پارەکە بدات، ئەگەرنا پارێزگار دەڵێت، کرێیەکە بدەن بەیانی دەیکەمەوە."
سەردار ئازاد، داوای کردووە گرێبەستی فامیلی گاردن لەگەڵ هاوبەشەکەی هەڵبوەشێنرێتەوە و کرێی ئەو پڕۆژەیە کە تەنیا 113 ملیۆن دینارە لە ئەستۆ دەگرێت، تاوەکو کێشەکە یەکلایی دەکرێتەوە و دەڵێت، "من کرێیەکە دەدەم، بەڵام پڕۆژەکە بە ناوی من بکەن، یاخود هاوبەشەکەم کرێیەکە بدات، چونکە ناکرێت هەموو ئەو دووکانانە بە داخراوی بهێڵێتەوە."
سەردار ئازاد، لەبارەی وەرگرتنی پارەی چوار مانگی دووکاندارانی پڕۆژەی فامیلی گاردن گوتی: "پارەی تەنیا سێ مانگ بووە و هەر بۆ نێو پڕۆژەکە بەکارهێنراوە و بە ناوی پێدانی کرێی ساڵانە لێم وەرنەگرتوون، چونکە من بەرپرس نیم لە کرێی ساڵانە ئەوە دەبێت خاوەن پڕۆژەکە بیداتەوە."
"پارێزگاری کێشەی کەسی لەگەڵ برایەکم هەیە و من بوومەتە قوربانی"
ئەبوبەکر ئۆمەر ئەبوبەکر، خاوەنی پڕۆژەی ئەکوا پارک کە هاوبەشی 50٪ـی پڕۆژەی فامیلی گاردنیشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرێبەستەکەمان لەگەڵ پارێزگار لە 1ـی نیسانی 2023 بۆ 1ـی نیسانی 2028ـە کە پارەی ئەو پێنج ساڵە دوو ملیار و نیوە و نزیکەی 967 ملیۆن و 500 هەزار دینارمان داوە واتا نزیکەی 33٪ــی هەمو و کرێیەکە."
دوای ئەوەی خاوەنی پڕۆژەی ئەکواپارک پێشەکی دوو ساڵی بە پارێزگای هەولێر داوە بەگوێرەی گرێبەستی نێوانیان، کرێی ساڵانەی کە 500 ملیۆن و 160 هەزار دینارە کراوەتە قیست و دەبێت هەموو ساڵێک لە 1ـێ تشرینی یەکەم 306 ملیۆن و 660 هەزار دینار کرێ بدات.
ئەبوبەکر ئۆمەر دەڵێت: "بە بارودۆخێکی دارایی خراپ تێپەڕبووم و داوامکرد هەندێک لەسەرم راوەستن تاوەکو ئەو قیستە دەدەم و پارێزگار پێیگوتم باشە چاوەڕوان دەبین، تاوەکو رۆژی 22ـی مانگی رابردوو کە لەسەفەر بووم ئاگادارکرامەوە کە پڕۆژەکە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە داخراوە، ئێستا سکاڵام تۆمارکردووە و کەیسەکە لەدادگەیە."
بەگوتەی خاوەنی پڕۆژەی ئەکواپارک، ئەوان بڕی یەک ملیار و 437 ملیۆن و 500 هەزار دیناریان لە نۆژەنکردنەوەی ئەکوا پارک خەرجکردووە و بەگوێرەی گرێبەست دەبێت ئەو قەرزەیان بۆ خەرجبکرێت و دەڵێت: "داوام لە پارێزگای هەولێر کردووە ئەو پارەیەم بۆ بگەڕێننەوە یان مەقاسەی پێبکەن، بەڵام ئەوان دەڵێن خەرجکردنی ئەو پارەیە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە."
ئەبوبەکر ئۆمەر ئەبوبەکر خۆی بە قوربانی دەزانێت و دەڵێت: "پارێزگاری هەولێر و برایەکی من کێشەی کەسییان هەیە و من بوومەتە قوربانی نێوانیان، بڕیارمداوە هەموو موڵکەکانم لە هەولێر هەرزانفرۆش بکەم و لەدەرەوە وەبەرهێنان بکەم، چونکە کوردستان پارێزراو نییە."
لەبارەی وەرگرتنی قیستی چوار مانگ لە دووکاندارانی فامیلی گاردن ئەبوبەکر ئۆمەر گوتی، "ئەوە بەبێ ئاگاداری من روویداوە هاوبەشەکەم پارەی لێوەرگرتوون، ئەمڕۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستم لەسەر ئەو تۆمار کردووە، چونکە پابەند نەبووە."
"هەوڵ هەیە تاوەکو سەری ساڵ پڕۆژەکە بکرێتەوە"
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کە دووکاندارانی پڕۆژەی فامیلی گاردن لە کێشەکەیان ئاگادارکردووەتەوە و لەسەر هێڵە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ قسەمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کردووە و پێشنیازم کردووە ئەگەر بکرێت لیژنەیەک پێکبهێنن کە نوێنەری داواکاری گشتیشی تێدا بێت و پڕۆژەکە بکرێتەوە و ئەو لیژنەیە بەڕێوەی ببات تاوەکو کێشەکە لە دادگە یەکلادەبێتەوە."
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، هەر کێشەیەک چووە دادگا پەرلەمان، ئەنجوومەن و حکومەت ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات تاوەکو یەکلادەبێتەوە و دەشڵێت، "بەڵام لەبەرئەوەی کێشەکە لە بەرژەوەندیی گشتییە، رایەکی پێ پەسەندبوو و بڕیارە ئەمڕۆ لە رێگەی لیژنەیەکەوە کاری لەسەر کێشەکە بکات و هەوڵ هەیە تاوەکو سەری ساڵ پڕۆژەکە بەشێوەیەکی کاتی بکرێتەوە و ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی بکات تاوەکو کێشەکە لە دادگە یەکلایی دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ