رووداو دیجیتاڵ
قوربانییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان زۆرن، بە تایبەت لە ئیدارەی گەرمیان، رووداو چیرۆکی چەند قوربانییەک دەگێڕێتەوە، کە یەکێکیان لەدوای حەوت مانگ لە هاوسەگیریکردن لە شەوێکی زستان تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت و بەهۆیەوە قاچەکانی لەدەست دەدات.
ئیبراهیم ئەحمەد، تەمەنی 57 ساڵە، کاتێک لە بەهاری تەمەنیدا بووە لە رێگەی کەلار - دیالە، تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، ئەو رووداوە لە ساڵی 1990 روویداوە، تەنیا حەوت مانگ بووە هاوسەرگیری کردبوو و ئێستا خاوەنی شەش منداڵە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لەسەر عەرەبانە ژیان بەڕێدەکات.
ئیبراهیم ئەحمد، دەڵێت، "هەستم ئەوەیە، ئەو کاتەم بیر دەکەوێتەوە کە خۆم تووشی رووداوی هاتووچۆ بووم، حەزناکەم کەس تووشی رووداو ببێت، چونکە خۆم بەو ئازارەوە دەیگوزەرێنم، حەزناکەم تووشی رووداوی ئاوابێت."
رێباز زۆراب لە 01-12-2021 ئارازی برای لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی سلێمانی - کەلار گیان لەدەستدەدات، سەردانی گۆڕی براکەی دەکات و بە دڵی پڕەوە دەڵێت، "براکەم ماوەی پێنج ساڵ کەمپینی کرد بۆ رێگەی کەلار - سلێمانی لەو ماوەیەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەنجامدا لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ تەواوکردنی ئەو رێگاوبانە، بەڵام بەداخەوە خۆی فریایی ئەوە نەکەوت ئەم رێگایە بە تەواوکراوی ببینێت."
لە رۆژی جیهانی قوربانییانی هاتووچۆ بەڕێوەبەر و کارمەندانی هاتووچۆ و رێنوێنی بەسەر شۆفێران دابەش دەکەن. موحسین مەنسوور ،بەڕێوەبەری گشتیی هاوتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، بەداخەوە، وایە رێگەی کەلار - سلێمانی خراپە، من دڵنیام برا شۆفێرەکانمان یاری بە مەرگی خۆیان دەکەن، لە بری ئەوەی 160 لێدەخوڕی ، 80 لێبخوڕە."
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە ساڵی 2022، 408 رووداوی هاتووچۆ روویداوە 35 کەس مردوون 569 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ