رووداو دیجیتاڵ
لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی عێراق رایگەیاند، زۆربەی ئەو دەنگانەی دوێنێ پووچەڵ کراونەتەوە، بەهۆی هەڵەی دەنگدەر بووە و بە دروستی دەنگیان نەداوە.
رۆژی شەممە 19-10-2024 خالید عەباس، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداوی لە دهۆک راگەیاند، لەڕووی تەکنیکی و هونەرییەوە دوێنێ هیچ کێشەیەکیان نەبووە و هیچ ئامێرێک نەگۆڕدراوە و لەکار نەکەوتووە.
لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 2000 دەنگی پووچەڵ هەبوون. خالید عەباس گوتی، "ئێمەش پێمان ناخۆشە دەنگ پووچەڵ دەکرێتەوە، بەڵام زۆربەی ئەو دەنگانەی پووچەڵ کرانەوە هۆکارەکەی ئەوە بووە کە دەنگدەر نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی دروست دەنگ بدەن و بە هەڵە دەنگیان داوە."
لە دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای دهۆک، چوار سکاڵا تۆمار کراون. بەڕێوەبەری لقی کۆمیسیۆن دەڵێت، "هەر چوار سکاڵاکە لەسەر بردنە ژوورەوە مۆبایل بوون و سکاڵاکانیشمان رەوانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە هەولێر کردووە."
لەبارەی ئامادەکارییەکانی سبەی یەکشەممە بۆ دەنگدانی گشتی، خالید عەباس گوتی، هەموو ئامادەکارییەک کراوە، زیاتر لە 682 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها 264 بنکە و 1596 وێستگەش هەن.
کاژێر 7:00ی بەیانیی رۆژی هەینی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە لە کۆی 215 هەزار و 960 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، 208 هەزار و 521 کەس بەشدارییان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ