رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، 13 کەس بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەستبەسەرکران، یەکێکیان بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.
بەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی گشتیی پۆلیسی باڵکئەسیر لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی پارێزگاکە کە فەرمانی گرتنی بۆ 13 کەس دەرکردبوو، لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ و باڵکئەسیری تورکیا و ئامەد و مێردینی باکووری کوردستان هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ کە پێشتر دەستنیشان کرابوون.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا لەو چوار پارێزگایە 13 کەس بە تۆمەتی "ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" دەستبەسەرکران.
دوای وەرگرتنی گوتەکانیان ئەو 13 کەسە رەوانەی دادگە کران. شەش کەسیان هەمان کات ئازادکران، شەش کەسی دیکەیان بە مەرجی دادوەری ئازاد کران و کەسێک بە بریاری دادگە خرایە زیندانەوە.
ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە بۆ دەستبەسەرکردنی سێ کەسی دیکە کە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە.
دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە، یەکی تشرینی یەکەمی 2023، بۆ سەر بەرێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە کە پەکەکە لە ئەستۆی گرت، لە ناوخۆی تورکیا چەندین کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و لایەنگری بۆ پەکەکە دەستگیرکراون، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری هەدەپەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ