رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەینێ کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لەبەردەم بارەگەکەی لە هەولێر گردبوونەوەیەک بۆ پاڵپشتی لە غەززە رێکبخات.
رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، تالیب خالید، سەرپەرشتیاری راگەیاندنی ئەو گردبوونەوەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گردبوونەوەیەکی جەماوەرییە کە کۆمەڵی دادگەری کوردستان سەرپەرشتی دەکات، گردبوونەوەکە لە بەردەم بارەگای کۆمەڵ دەکرێت."
تالیب خالید پێشبینی دەکات زیاتر لە سێ هەزار کەس لە گردبوونەوەکە ئامادەبن.
بەرەبەیانی شەممە 07-10-2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و تاوەکو ئێستا جەنگ بەردەوامە.
لەبارەی وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی ئەمنی بۆ گردبوونەوەکە تالیب خالید گوتی: "ئاگادارکردنەوەی لایەنی ئەمنی ئەرکە و هەر گردبوونەوەیەک بکرێت لایەنی ئەمنی و پارێزگاریشی لێ ئاگاداردەکرێتەوە و رەزامەندییان پێداوین، چونکە ئەوە لە دەرەوە نییە لە چوارچێوەی بارەگەیە و هەر کەسێک بیەوێت بەشداربێت دەتوانێت سەردانی ئەوێ بکات."
بە گوتەی تالیب خالید، کۆمەڵی دادگەری لە شاروشارۆچکەکانی دیکەش گردبوونەوەی کردووە لەوانە سلێمانی و کەلار.
لە بانگهێشتنامەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، لەبارەی گردبوونەوەکە هاتووە، "بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانی و هاوسۆزی بۆ گەلی ستەملێکراوی فەەەستین و موسڵمانانی غەززە و شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژی دانیشتووانی کەرتی غەززە لەلایەن رژێمی داگیرکەری زایۆنی، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە هەولێر، رێگای کۆیە تەنیشت پارکی کانیاو پشت مزگەوتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دەکرێت."
پێشتر عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان رایگەیاندبوو "لهسهر تێكڕای موسڵمانانیش پێویسته پشتیوانیی گهلی ستهمدیدهی فهلهستین بكهن بهههرچی له توانایاندایه، تهنانهت ئهگهر به نزایهكیش بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ