کوردستان
دوای بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیا بۆ سەر کەمپی مەخموور لە 13ـی ئۆکتۆبەری 2023، دانیشتووانی کەمپەکە چوونەتە شوێنی بۆردوومانەکە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کەمپی مەخموورەوە کشاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی "هەرێمی پاراستنی میدیا" کە مەبەست لێی قەندیل و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستانە.
فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023) رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کەمپی مەخمورەوە کشاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی پاراستنی میدیا کە مەبەست لێی قەندیل و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستانە و دەڵێ ئێستا لەو کەمپەدا هیچ هێزێکیان نییە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کرد، بۆ بەرگریکردن لە خەڵک و وەڵامدانەوەی چەکدارانی داعش، ژمارەیەک هێزی هەپەگە و یەژاستاریان رەوانەی کەمپی مەخموور کرد. ئیدارەی کەمپی مەخموور گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی هێزەکانی هەپەگە ئەرکی خۆیان لەو کەمپەدا تەواوکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاریان داوە بگوازرێنەوە بۆ قەندیل و ناوچەکانی دیکە.
موراد قەرەیڵان، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان، هەر ئەمڕۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە کەمپی مەخموور رایگەیاند، کەمپی مەخموور کەمپێکی پەنابەرانی سیاسییە و ئەو هێزانەیان کە لە 2014ـدا دوای هێرشی داعش بۆ پارستنی خەڵک رەوانەی ئەو کەمپە کردووە، ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە و لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە هەنگاو بە هەنگاو دەستیانکردووە بە جوڵاندنی هێزەکانیان لەو کەمپەوە و، ئێستاش هیچ هێزێکیان لەو کەمپەدا نییە.
موراد قەرەیڵان ئاماژەی بەوەدا، هیچ هێز و لایەنێک داوای لێیان نەکردووە هێزەکانیان لە مەخموور بکێشنەوە و بڕیارەکە لەلایەن خۆیانەوە دراوە.
کشانەوەی گەریلا لە کەمپی مەخموور بە گوتەی پەکەکە لە کاتێکدایە، لەم مانگەدا کەمپی مەخموور دوو جار لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراوە. ئێوارەی رۆژی 07-10-2023 دوو مووشەک ئاراستەی کەمپەکە کران، لە ئەنجامدا ژنێک، مێردمنداڵێک و منداڵێک بە سووکی بریندار بوون. هەروەها رۆژی 13ی ئەم مانگە لە ئەنجامی بۆردوومانی کەمپەکە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئافرەتێکی تەمەن 50 ساڵ بریندار بوو.
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جوودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کەمپەکە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ