بەرەی تورکمانی دژی دانانی قایمقامی نوێی خورماتووە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەی تورکمانی وەکو یەکەم لایەن نیگەرانیی خۆی لە دانانی قایمقامێکی تورکمان کە شیعەیە بۆ قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین نیشاندا و رایگەیاند، بەبێ هاوئاهەنگی کراوە و دەبێت بڕیارەکان بەبێ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک دەربکرێن.
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە کۆی دەنگ دکتۆر زوڵفەقار حەسەن سەلمانی بە قایمقامی خورماتوو لە شوێنی د. حەسەن زەینەلعابدین دانا، کە ئەوەی دووەمیان بەهۆی تەمەنییەوە خانەنشین کرا.
 
قایمقامی خورماتوو تورکمانێکی شیعەیە. لقی پارێزگای سەڵاحەدینی بەرەی تورکمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە دیاریکردنی قایمقامی قەزای خورماتوو دەربڕی و رایگەیاند: "نیگەرانین و سەرمان سوڕماوە لە بڕیارەکەی ئەمدواییە بۆ دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای دوزخورماتوو بەبێ راوێژکردن لەگەڵ هێز و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناوچەکە.
 
بەرەی تورکمانی پێیوایە، "سەقامگیری"ـی ساڵانی رابردوو بەهۆی هاوئاهەنگی و راوێژی لایەنەکانی بوو، "بەڵام ئەم هەنگاوەی ئێستا ئەو یەکگرتووییە کۆمەڵایەتییە لاواز دەکات و  پاشەکشە بە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانیان دەکات."
 
بەرەی تورکمانی لە راگەیێندراوەکەیدا لەگەڵ ئەوەی بە پێویستی دەزانێت لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا لایەنە کاریگەرەکان هاوئاهەنگییان هەبێت، دەشڵێت: "ئێمە دژی ئەو کەسە نین بۆ ئەو پۆستە دیاریکراوە، لە خێزانە رێزدارەکانی ناوچەکەیە، بەڵام پێمانوایە دەبێت لە بەربژێرکردن بۆ ئەو جۆرە پۆستە هەستیارانە بە راوێژی هەمووان بێت و هاوئاهەنگی و گۆڕینەوەی بیروڕا هەبێت، بۆ ئەوەی هەمووان پشتیوانی لەو کەسانە بکەین کە بۆ بەرپرسیارێتییەکان رادەسپێردرێن لەپێناو سەرخستنیان."
 
بەرەی تورکمانی بەرپرسیارێتیی ئەوەی بە "پەراوێزخستنی رۆڵی تورکمان لە دوای ساڵی 2013ـەوە"ناوی بردووە، دەخاتە ئەستۆی پارێزگای سەڵاحەدین و دەڵێت: "چاوەڕوانین ئەو پێگەیەی پێویستە و شایستەیە بدرێت بە تورکمان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای سەڵاحەدین."
 
قایمقامە نوێیەکەی قەزای خورماتوو پێشتر بەڕێوەبەری چاودێریی تەندروستی بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای کەرکووک.
 
17ـی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کۆبووەوە و بە 13 دەنگ بەدر مەحموود فەحلی، وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".